تاقانەیەكی ئەنفال دوای 31 ساڵ چیرۆكە نەبیستراوەكان بۆ قوتابییەكانی دەگێڕێتەوە

بەختیار دوای لەدەستدانی دایك و باوك و كەسوكار ئێستا مامۆستایە و تاوانی ئەنفال بۆ قوتابیان باس دەكات

K24 - گەرمیان

تاقانەیەکی تاوانی ئەنفالی گەرمیان، ھەموو ساڵێك لە یادی ئەنفال، چیرۆکە نەبیستراوەکان و بەسەرھاتەكانی ئەو ژیانەی کە بێ دایک و باوکی بەسەری بردووە لە قوتابخانەکان بۆ خوێندکاران دەگێڕێتەوە.

لە ھەرێمی کوردستان 138 تاقانەی ئەنفال ھەن کە 109یان دانیشتووی گەرمیانن.

رۆژگار زیاتر چیرۆکە شاراوەکان بۆ نەوەکانی داھاتوو روون دەکاتەوە، مامۆستا بەختیار، پێش 31 ساڵ تاقەنە نەبوو، بەڵام ئەنفال ئەوی كردە تاقانە و ئێستاش یادەوەرییەكانی ئەنفال دەگێڕێتەوە.

بەختیار محموود، یەكێكە لە تاقانەكانی ئەنفالی گەرمیان و دەڵێ: "من یەكێكم لەوانەی كە لەكاتی ئەنفال لە خێزانەكەمان تەنھا خۆم بە زیندوویی ماوم، ھەموو ئەندامانی خێزان و كەسوكارم لەدەستدا، ئەوكات تەمەنم 3 ساڵ و 9 مانگ بوو، كە لەو تەمەنە زۆرتر پێویستم بە دایك و باوك و كەسوكار ھەبوو".

بەختیار لە تەمەنی سێ ساڵییەوە بێ دایك و باوك و ئەندامانی خێزانەكەی گەورەبوو، بەڵام ئەو بەردەوامبوو لە خوێندن و ئێستا ئەو لە یەكێك لە قوتابخانەكانی گەرمیان مامۆستایە، ھەركاتێكیش قوتابییەكانی پرسیاری ئەنفالی لێ دەكەن بە چیرۆكی درێژ بۆیان شیدەكاتەوە".

دەشڵێت: "تەنھا من تاقانەی ئەنفال نیم، لە قۆناخەكانی ئەنفال 138 كەس بە تاقانەیی مانەوە".

بەختیار، تاقانەی ئەنفالە دایك و باوك و دوو برای، لەگەڵ 13 کەسی دیکە لە بنەماڵەکەی ئەنفالكراون.

ھ.م