تا ئێستا تەرمی بەشێک لە ئەنفالکراوان نەدۆزراونەتەوە

دوای 31 ساڵەی ئەنفال ھێشتا برینەكان ساڕێژ نەكراون

K24 - چەمچەماڵ

31 تێپەڕدەبێ بەسەر تاوانی ئەنفال و هێشتا بەشێک لە قوربانیانی ئەو پڕۆسەیە، رووفاتی کەسوکاری خۆیان نەدۆزیوەتەوە، پیاوێکی خەڵکی چەمچەماڵ، کە تاقانەی ئەنفالە، دوو خوشک و دوو برای و دایک و باوکی لەکاتی ئەنفال لەدەستداوە و تاکو ئێستاش هیچ رووفاتێکی نەدۆزیوەتەوە، بەشێک لە رووفاتی قوربانیانی ئەنفال هێشتا لە شارەکانی خوارووی عێراق ماون، کەسوکاری ئەنفالکراوان داوا دەکەن کە رووفاتی ئازیزانیان بهێننەوە.

چەمچەماڵ، وەك پایتەختی شەهیدان و ئەنفالکراوان ناسراوە، زۆرترین قوربانییەکانی پرۆسەی ئەنفال لەوێ بوون. لە گۆڕستانی شەھید و ئەنفالكراوان لە چەمچەماڵ تا چاو بڕ بکات گۆڕ دەبینی، ئێسک و پروسکی نێو ئەو گۆڕانە لەشارە جیاجیاکانی عێراقەوە هێنراونەتەوە شارۆچکەکە، بەڵام کەمیش نین ئەوانەی کە تاکو ئێستا هیچ گۆڕ و ناسامەیەکی کەس و کاریان دەست نەکەوتوە، عادلیش یەکێکە لەو نمونانە کە تاقانەی ئەنفالەو لەکۆی شەش ئەندامی خێزانەکەی بە تەنها رزگار بووە.

لە مۆنۆمێنتی ئەنفالکروانی چەمچەماڵ، کەسوکاری ئەنفالکراوان کۆبونەتەوەو دەیانەوێت حکوومەتی عێراق داوای لێبوردن بکات و کەیسی ئەنفالیش بە جینۆساید بناسێنرێت.

 ھ.م