وڵاتان بهرامبهر دادگاییكردنی داعشهكانیان له عێراق 10 ملیار دۆلاریان بۆ عێراق تهرخان كردووه
لێژنهی ئاسایش و بهرگری بهرههڵستی ئهو دادگاییكردنه دهكات
K24- ههولێر:
لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق دژی دادگاییکردنی چەکدارانی داعشە لەلایەن دادگاکانی عێراقهوه، جەختیشدەکاتەوە، وێڕای ئهوهی دادگاییکردنەكە نایاساییە، مەترسیشی بۆ سەر ئاسایشی عێراق دەبێت. لەلایەکی دیکەوشهوە پەرلەمانتارێکی عێراق ئاشکرای دەکات، وڵاتانی دەرەکی لە بەرامبەر رازیبوونی عێراق بە دادگاییکردنی ئەو چەکدارانەی داعش، ئامادەن بڕی 10 ملیار دۆلار بەو وڵاتە بدەن.
لهكاتێكدا پرسی دادگاییکردنی ئهو چهكدارانه له عێراق کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوه، بەشێك لە کوتلە سیاسییەکان هەوڵی وڵاتان بۆ دادگاییکردنی ئەو چەکدارانە بە نایاسایی دەزانن, داواش لە حکوومەت دەکەن، بەهیچ شێوەیەك رەزامەندی لەسەر داوایەکی لەو شێوەیە دەرنەبڕێت.
لهمبارهیهوه کەریم علێوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق رایگەیاند، دادگاییکردنی چەکدارانی داعش لە عێراق نایاساییە، هەروەها دەبێتە هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەكهمان.
سەبارەت بە هەڵوێستی پەرلەمانيش, ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری جەختیکردەوە، لیژنەکەیان دژی کارێکی لەو شێوەیە، چونکە دادگاییکردنی چەکدارانی داعش دەبێتە باجێکی قورس بەسەر عێراقهوه.
لەلایەکی دیکەوە غەیدا کەمبش، پەرلەمانتاری عێراق ئاشکرایکرد، ئەو چەکدارانەی داعش، کە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا داوای دادگاییکردنیان لەلایەن دادگاکانی عێراقهوه دەکەن, ژمارەیان 20 هەزار چەکدارە. راشیگەیاند، پەرلەمان دژی بڕیارێکی لەوجۆرەیە.
سەبارەت بە گوشاری وڵاتان ئەو پەرلەمانتارەی عێراق گوتی، گوشارێکی دەرەکی لەسەر حکوومەتی عێراقە، بۆ دادگاییکردنی ئەو چەکدارانە، لەبەرامبەر پێدانی بڕی 10 ملیار دۆلار بە عێراق.
پێشتر میدیاکان لە زاری بەرپرسانی عێراقی بڵاویانکردبووەوە، عێراق لە بەرامبەر وەرگرتنی دوو ملیار دۆلار ئامادەیی نیشانداوە، دادگایی ئەو چەکدارانەی داعش بکات، کە لە سووریاوە دەستگیرکراون و بەڕەگەز خەڵکی وڵاتانی رۆژئاوان.
H.B