كچ و ژنانی رزگاربووی دەستی داعش ھاوكاریی دەكرێن
"وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم زیاتر لە 3 ھەزار ناوی داوەتە بەغدا"
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ 18/4/2019، وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە ھەولێر ھاوكاری بەسەر ژمارەیەك كچ و ژنی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش دابەش دەكەن.
سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان بەھاوكاری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق توانیان بڕێك ھاوكاری بۆ كچ و ژنانی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش دابین بكەن".
گوتیشی: "لیژنەیەكی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئەم مەبەستە پێكھێنراوە و ناوی نزیكەی 3 ھەزار و 200 كەسمان داوەتە بەغدا و رەزامەندی لەسەر ناوی 899 كەس دراوە، ناوەكانی دیكەش وردبینی دەكرێن".
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رفێنراوە ئێزدییەکان بە كوردستان24 گوت: "پڕۆژەیەكمان بە ھاوكاری وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق راگەیاندووە، بۆ ئەوەی ھاوكاری كچ و ژنە رزگاركراوەكانی دەستی داعش بكرێت، لە قۆناخی یەكەمدا ھاوكاری ژمارەیەك لە رزگاركراوان دەكرێت، ھەر رزگار بووێك 2 ملیۆن دیناری پێدەدرێت، بەپێی رێككەوتنەكەمان ئەو بڕە ھاوكارییە لە داھاتوودا بەردەوام دەبێت و ھەوڵدەدرێت ئەو ھاوكارییە ھەموو رزگاربووانی دەستی داعش بگرێتەوە".
ئاشكرای كرد: "تاوەکو ئێستا سێ هەزارو 451 کوردی ئێزدی رفێندراو لە دەستی داعش رزگارکراون و زیاتر لە 2 هەزار و 900 رفێندراویش دیكەش چارەنووسیان نادیارە".
ھ.م