ئه‌نجامده‌رێكی دیكه‌ی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ی سپایكه‌ر ده‌ستگیركرا
تۆمه‌تباره‌كه له ناحیه‌ی عه‌له‌م دۆزرایه‌وه
K24- هه‌ولێر:
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌واڵگه‌ری سه‌ربازیی عێراق رایگه‌یاند، هێزه‌كانیان یه‌كێك له ئه‌نجامده‌رانی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ی سپایكه‌ریان له ناحیه‌ی عه‌له‌می سه‌ر به پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین ده‌ستگیركردووه.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه داوه، "تیمه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌واڵگه‌ری سه‌ربازی سه‌ر به فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی سه‌ڵاحه‌دین، به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی ناحیه‌ی عه‌له‌م، توانییان سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كێكی دیكه له ئه‌نجامده‌رانی تاوانه تیرۆریستییه‌كه‌ی سپایكه‌ر ده‌ستگیر بكه‌ن".
باسی ئه‌وه‌شی كردووه: به مه‌به‌ستی گرتنه‌به‌ری رێككاری یاسایی و دادپه‌روه‌ری، تۆمه‌تباره‌كه ره‌وانه‌ی دادگای په‌یوه‌ندیدار به كه‌یسه‌كه كراوه.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، پێشتر چه‌ندین كه‌سی دیكه‌ش به تۆمه‌تی به‌شداریكردن له ئه‌نجامدانی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ی سپایكه‌ر ده‌ستگیركراون، ژماره‌یه‌كی زۆریان دانیان به تاوانه‌كه‌یاندا ناوه و به‌شێكیان به سزای یاسایی خۆیان گه‌یه‌ندراون.
له ساڵی 2014 كاتێك رێكخراوی داعش رووبه‌رێكی زۆری له خاكی عێراق داگیركرد، چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه به سه‌دان راهێنراو و قوتابی كۆلیژی سه‌ربازییان له بنكه‌ی مه‌شقی سه‌ربازی سپایكه‌ر له باكووری شاری تكریت كۆمه‌ڵكوژ كرد.
H.B