یه‌كه‌مین فێستیڤاڵی راگه‌یاندنی كوردی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت

خوازيارن ساڵی داهاتوو فێستیڤاڵه‌كه‌ فراوانتر بكه‌ن

K24 - هه‌ولێر:

یەکەم فێستیڤاڵی راگەیاندنی کوردی لە ئاستی چوار پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان لە رۆژانی 4 و 5ى گوڵان لە شاری سنە بەڕێوە دەچێت.

بڕیارە لەم فێستیڤاڵەدا زیاتر لە 800 بابەتی رۆژنامەوانی و میدیایی بەشدار بن و چەندین کۆڕ و سمینار و وۆرکشۆپیش لە سەر ئاریشەکانی راگەیاندنی کوردی بەڕێوە بچێت.

فێستیڤاڵەکە ڕۆژانی 4 و 5ى گوڵان بەرامبەر بە 25 و 26ی نیسان بە بەشداریی رۆژنامەنووسان و راگەیاندنکارانی کورد لە چوار پارێزگای ورمێ، سنە، کرماشان و ئیلام بەڕێوە دەچێت.

دەبیرخانەی فێستیڤاڵەکە رۆژی شەممە لە کۆنفرانسێکی میدیاییدا وردەکارییەکانی بەڕێوە چوونی یەکەم فێستیڤاڵی راگەیاندنی کوردیی بۆ ڕای گشتی و راگەیاندنکاران ئاشکرا کرد و پەردەی لەسەر پۆستێری فێستیڤالەکەش لادا.

وەک لە کۆنفرانسەکەدا راگەیاندرا لە ماوەی دوو رڕۆژ بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکەدا، جیا لە تاووتوێکردنی ئەو بابەتانەی بەشدار بوون، لە چوارچێوەی و کۆڕ و سمینار و وۆرکشۆپیشدا، خاڵە لاوازەکانی رۆژنامەگەریی کوردی دەخرێنە بەر باس چەندین خولی فێرکاریش لە لایەن ژمارەیەك مامۆستا و پسپۆری راگەیاندنەوە بەڕێوە دەچن.

لە یەکەم فێستیڤاڵی راگەیاندنی کوردیدا لە شاری سنە، دوو مامۆستای راگەیاندنی لە باشووری کوردستان و دوو مامۆستاش لە باکووری کوردستانەوە بەشدار دەبن و بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵەکەش دەڵێن ئامانجیان ئەوەیە ساڵی داهاتوو، فێستیڤاڵەکە لە ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستاندا بەڕێوە بچێت و لە فێستیڤاڵێکی ناوچەیییەوە بکرێتە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی.

ئ. م