فه‌رمانده‌ی سوپای پاسداران له‌كاره‌كه‌ی دوور ده‌خرێته‌وه
جه‌عفه‌ری دوور ده‌خرێته‌وه و سه‌لامی ده‌ستبه‌كار ده‌بێت
K24- هه‌ولێر:
ئایه‌توڵڵا عه‌لی خامنه‌یی، رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران محه‌مه‌د عه‌لی جه‌عفه‌ری، فه‌رمانده‌ی سوپای پاسداران له كاره‌كه‌ی دوور خسته‌وه و حه‌سه‌ن سه‌لامی له شوێنی ئه‌و ده‌ستبه‌كار بوو.
له فه‌رمانێكدا، كه له میدیا فه‌رمییه ئێرانییه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه، خامنه‌یی سوپاسی جه‌عفه‌ری كردووه، به‌وه‌ی كه له 1ی سێپته‌مبه‌ری ساڵی 2007ـه‌وه تا ئێستا فه‌رمانده‌یی سوپای پاسدارانی ئێرانی كردووه.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ی رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی دوای ته‌نیا چه‌ند رۆژێك هاتووه، كه له 15 ئه‌م مانگه دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به بڕیارێك سوپای پاسدارانی خسته لیستی رێكخراوه تیرۆریستییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی، كه بۆ یه‌كه‌م جاره واشنتۆن هێزێكی فه‌رمی بیانی به تیرۆریست پێناسه ده‌كات.
وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كیش بۆ ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران، فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی هێزه چه‌كداره‌كانی ئه‌مه‌ریكای له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئاسیای ناوه‌ڕاستی خسته لیستی رێكخراوه تیرۆریستییه‌كانی ئێرانه‌وه.
به به‌راورد له‌گه‌ڵ باراك ئۆباما، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا، دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئێستای ئه‌و وڵاته په‌یڕه‌وی رێبازێكی توند له دژی ئێران ده‌كات، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا هه‌نگاوی توندی به‌رامبه‌ر تاران ناوه، به تایبه‌ت بڕیاری كشانه‌وه له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران و سه‌پاندنی سزای چڕی ئابووری به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌دا.
H.B