"داعش به‌هێزه‌وه گه‌ڕاوه‌ته‌وه رۆژئاوای نه‌ینه‌وا"
"دووباره‌بوونه‌وه‌ی رووداوه‌كانی 2014 له نه‌ینه‌وا نزیكه"
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له پارێزگای نه‌ینه‌وا، له نامه‌یه‌كدا بۆ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، هۆشداریی له‌باره‌ی ره‌وشی رۆژئاوای پاریزگای نه‌ینه‌وا ده‌دات و ده‌ڵێت: "بارودۆخی ئه‌وناوچانه به‌ده‌ست داعشه‌وه زۆر خراپه".
ئه‌حمه‌د مه‌دلول جه‌ڕبا، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له نامه‌كه‌یدا بۆ سه‌رۆك وه‌زیران و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق ده‌ڵێت: "ره‌وشی ناوچه‌كانی رۆژئاوای نه‌ینه‌وا باش نییه، داعشی تاوانكار خه‌ڵكی ناوچه‌كه ده‌ڕفێنێ و هه‌ندێك گوندی ده‌ڤه‌ری به‌عاج كراوه‌ته ئامانج، خه‌ڵكی چه‌ند گوندێكیش ناچاركراون گونده‌كانیان جێبهێڵن. له ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوو ئێستاشدا داعش ده‌ستی به جووڵه‌ی به‌هێز كردووه‌ته‌وه له‌و ناوچانه‌دا".
جه‌ڕبا ده‌ڵێت: "هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌و بارودۆخه نه‌بوونی هیچ كه‌رت و یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربازیی سه‌ر به وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراقه له قه‌زای به‌عاج و ناحیه‌ی ته‌ل عه‌بته و قه‌زای حه‌زه‌ر و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ساڵی 2014 كه داعش پارێزگای نه‌ینه‌وای داگیركرد، عێراقییه‌كان به‌گشتی و خه‌ڵكی پارێزگاكه به‌تایبه‌تی خوێنی زۆریان به‌خشی و بوونه قوربانی، بۆیه ئه‌گه‌ر جه‌نابتان به‌خێرایی نه‌جووڵێن و كه‌رت و یه‌كه‌ی سه‌ربازی ره‌وانه‌ی رۆژئاوای نه‌ینه‌وا نه‌كه‌ن، ئه‌وه سیناریۆیه‌كی نزیك له رووداوه‌كانی ساڵی 2014 له‌و ناوچانه دووباره ده‌بێته‌وه".