ئێران بە گەرووی هورمز ئەمەریکا دەترسێنێت
سوپای پاسداران هەڕەشە دەکات
K24 – ههولێر:
سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز دەکات، ئەگەر بێتو رێگریی لە فرۆشتنی نەوتەکەی بکرێت.
عەلی رەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزیی دەریایی سوپای پاسداران لە لێدوانێکدا بۆ کهناڵی ئەلعالەم رایگەیاند: " بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، گەرووی هورمز رێڕەوێکی دەریاییە و ئەگەر ئێران لە بەکارهێنانی ئەو ریڕەوە بێبەش بکرێت، ئەوا بە تەواوی رێڕەوەکە دادەخات".
هەڕەشەی فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران پاش ئەوە دێت، كه ئەمەریکا سوپای پاسدارانی خستووەتە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە و ئەگەری پێکدادانی هێزەکانی ئەو دوو وڵاتە لە ئاوەکانی کەنداو و بە تایبەت لە گەرووی هورموزدا، هەیە.
جیا لەوەش، دوێنێ دووشەممە 22/04/2019، ئەمەریکا بەخشینی وڵاتانی لە کڕینی نەوتی ئێران وەستاند و بڕیاری دا تەواوی نەوتی ئێران قەدەغە بکات.
گەرووی هورمز كه دەکەوێتە نێوان هەردوو کەنداوی فارس و عومان، تاکە رێڕەوی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی کوەیت، بەحرەین، ئێران، عێراق و ئیماراتە بۆ دەریای هیندی.
H.J