بەھۆی كوردستان24 بەدواداچوون بۆ كێشەكانی باڵەخانەی مۆنۆمێنتی شەھیدان لە ھەولێر دەكرێت
"لە ساڵی 2010وە تەواو كراوە و تائێستا نەكراوەتەوە"
K24 - ھەولێر
دوای راپۆرتێكی كوردستان24 لەبارەی باڵەخانەی مۆنۆمێنتی شەھیدان لە ھەولێر كە زیانی زۆری پێگەیشتووە، شاندێكی پەرلەمانی كوردستان بەدواداچوون دەكات و پەرلەمانتارێك رایدەگەیەنێت "باڵەخانەكە زیانی زۆری پێگەیشتووە و ئەگەر نۆژەن نەكرێتەوە بە كەڵكی بەكارھێنان نایەت".
سەوسەن محەمەد، سەرۆكی لیژنهى كاروبارى شههیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "باڵەخانەكە زیانی زۆری پێگەیشتووە بە تایبەتی سەقف و ھۆڵەكانی زۆر خراپە و دڵۆپە دەكات و ئاو ھاتووەتە ژوورەوە، ھەروەھا بەشێك لە كەلوپەلەكانی ناو باڵەخانەكە شكێنراون".
گوتیشی: "دەبێ بەدواداچوون بكرێت، بۆچی لە ساڵی 2010وە بینایەكە تەواو كراوە و 18 ملیۆن دۆلاری تێچووە بە رووی گەشتیاران دا ناكرێتەوە؟، وەك لیژنەی شەھیدان دەمانەوێت بەدواداچوونی جدی بكەین و ھۆكارەكان بدۆزینەوە".
راشیگەیاند: "باڵەخانەكە بە كەڵكی بەكارھێنان نایەت و دەبێ نۆژەن بكرێتەوە، بۆ ئەوەی وێرانتر نەبێت، دەبێ لایەنی پەیوەندیدار بەرپرسیاریەتی ھەڵبگرێت، چونكە ئەو باڵەخانەیە سێمبولی 182 ههزار ئەنفال و كوردستانە نابێ بەمشێوەیە پشتگوێ بخرێت".
ھەروەھا ناسر ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی شەھیدان لە پەرلەمانی كوردستان گوتی: "وەك لیژنەی شەھیدان پێمانوایە كەمتەرخەمی لە بینای مۆنۆمێنتی شەھیدانی ھەولێر كراوە، سبەی بۆ ئەم مەبەستە دەچینە وەزارەتی شەھیدان و گفتۆگۆیان لەگەڵ دەكەین، بۆ ئەوەی لە ھۆكارەكانی پشتگوێخستنی ئەو باڵەخانە تێبگەین".
ھ.م