خەمۆکی دەبێتە هۆی تووشبون بە هەشت نەخۆشی

ئەو هەشت نەخۆشییەی بەهۆی خەمۆکییەوە دووچارمان دەبێت

K24 – هه‌ولێر:

ئەگەرچی خەمۆکی نەخۆشییەکی دەروونییە، بەڵام کاریگەری زۆر لەسەر جەستە جێدەهێڵێت، هەندێک لەو کاریگەریانەش دەکرێت ژیانی رۆژانەمان بە تەواوی بگۆڕن.

ماڵپەڕی Business insider بە سوود وەرگرتن لە زانیارییەکانی کارلی کلانێی، پزیشک لە سەنتەری دەروونی شاری سیاتڵی ئەمەریکی چەند نیشانەیەکی دیاری خەمۆکی دەستنیشانکردووە.

خواردن

خەمۆکی جیاواز کار دەکاتە سەر مرۆڤ، هەندێک کەس کاتێک خەمۆکی دەبێت، بڕێکی زیاتر خواردن دەخوات، هەندێک کەسی دیکەش، بە تەواوی لە خواردن دوور دەکەونەوە، بەمەش کێشی مرۆڤ بۆ ئاستێکی ناتەندروست دەگۆڕێت.

هەرسکردن

پڕۆسەی هەرسکردن تێکدەچێت و کەسەکە دووچاری قەبزی، سکچوون و تێکچوونی گەدە دەبێتەوە.

خەو

هاو شێوەی خواردن، خەمۆکی جیاواز کاردەکاتە سەر خەوی کەسەکە، هەندێک کەس بە هۆی خەمۆکی زۆر دەنوون، بەڵام هەندێکی دیکە دووچاری خەو زڕان دەبن.

ماندوویەتی

بەهۆی تێکچوونی پڕۆسەی هەرسکردنی خواردن، خەو و فشاری زۆر، کەسەکە بەردەوام هەست بە ماندوویەتی دەکات.

هەروەها، هەندێکجار نەخۆشەکە دووچاری گێژییەکی زۆریش دەبێت.

ئازاری ماسوولکە

لە هەندێک حاڵەتدا، خەمۆکی دەبێتە هۆی ئازاری جوومگە و ماسوولکەکان، هەندێکجاریش ئەم ئازارانە درێژ خایەن دەبن.

سەر ئێشە

سەرئێشەیەکی زۆری بەردەوام یەکێکی دیکەیە لە نیشانەکانی خەمۆکی کە زۆرجار بەهۆی گرژبوونی ماسوولکەکان دروست دەبێت.

ئارەزووی سێکسی

خەمۆکی یەکێکە لە هۆکارە هەرە دیارەکانی نەمانی ئارەزووی سێکسی.

نەخۆشییەکانی پێست

ئەگەری هەیە بەهۆی خەمۆکی، چەند نەخۆشییەکی پێست لە نەخۆشەکە سەرهەڵبدات.

جیا لە دروستبوونی زیپکە، ئەگەری هەیە کەسەکە دووچاری نەخۆشییەکانی گڵاوپێستی (کاژۆکی)، دەردە رێوی (هەڵوەرینی مووی بە تۆپەڵ)، بەڵەکی و چەند نەخۆشییەکی دیکە ببێتەوە.

 H.J