ئەمەریكا ھۆشداری دەداتە ئێران

ترەمپ داوایەك لە ئۆپێك دەكات

 

K24 - ھەولێر

ئەمەریكا ھۆشداری دەداتە ئێران كە خۆی لە پەكخستنی ھەناردەی نەوت بە دوور بگرێت.

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، بەرپرسێكی ئیدارەی ترەمپ رایگەیاندووە "هه‌ر هه‌وڵێكی ئێران بۆ په‌كخستنی هه‌نارده‌ی نه‌وت، كێشه‌ی گه‌وره‌ بۆ تاران و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ ناوچه‌كه‌دا دروست ده‌كات".

پێشتر به‌رپرسانی ئێران هه‌ڕه‌شه‌ی داخستنی گه‌رووی هورمزیان كرد، كه‌ به‌شی زۆری نه‌وتی جیهان له‌م رێگه‌یه‌وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌.

بەرپرسەكەی ئیدارەی ترەمپ راشیگەیاند "تاوەكو ئێستا ھیچ پلانێك بۆ درێژكردنەوەی وادەی بەخشینی چین بۆ كڕینی نەوتی ئێران دانەرێژراوە".

ھەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا بە ئامانجی گەیاندنی ھەناردەی نەوتی ئێران بۆ سفر، دەستی بە سزاكانی بۆ سەر ئێران كردەوە.

لەلایەكی دیكە و پەیوەست بە بازاڕی نەوت دۆناڵد ترەمپ ئاشكرای كرد، گفتوگۆی لەگەڵ رێكخراوی ئۆپێك كردووە و داوای لێكردووە نرخی نەوت دابەزێنێت لە ئاكامی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە وێستگەكانی بەنزین لە ئەمەریكا.

ترەمپ راشیگەیاند، ھاوپەیمانەكانی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمەریكا وەك سعوودییە، ئاستی بەرھەمھێنانی زیاد دەكات بە مەبەستی قەرەبووكردنەوەی ھەر كەمییەك لە دابینكردنی نەوت لە بازاڕەكاندا لە ئەنجامی سزا سەپێندراوەكانی سەر ئێران و لە دوایین مامەلەكانیشدا نرخی نەوت رووی لە دابەزین كرد بەھۆی ئەو پێشبینیانەی كە گوایە ئۆپێك پاڵپشتی بەرھەمھێنان دەكات بۆ قەرەبووكردنەوەی دابەزینی ھەناردەكانی ئێران و ھەر بەرمیلێك گەیشتە 72 دۆلار و 22 سەنت بۆ ھەر بەرمیلێك.

ھ.م