حكوومەت دۆخی كرێكاران لە ھەرێمی كوردستان دەخاتەڕوو

نزیكەی 7 ھەزار كرێكاری بیانی لە كوردستانن

K24 - ھەولێر

بە گوێرەی ئامارەکانی  وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، رەوشی کرێکارانی بیانی و ناوخۆیی بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو روو لە باش بوونە و رێژەی بێکاریی لە نزمبوونەوەیە. وەزارەتی كار ئاشكرای دەكات، ئێستا 78 ھەزار و 560 کرێکار لە ھەرێمی كوردستان ھەن، کە 71 ھەزار و 841 کرێکاریان ناوخۆیین و 6 ھەزار و 719 یان بیانین.

وەزارەتی کار و كاروباری كۆمەڵایەتی باس لەوە دەکات، لەبەر ئەوەی ھەلی کار بۆ کرێکاری ناوخۆیی بڕەخسێنن، رێژەی ھاوردەی کرێکارانی بیانیان بۆ 80% کەم کردووەتەوە. ھەر بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كار، ئێستا رێژەی بێکاریی لە ھەرێمی كوردستان لە خوار 11% یە.

عارف حیتۆ، بەڕێوبەری گشتیی کار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی بە كوردستان24ی گوت: "ھەوڵمان داوە كە كرێكاری بیانی لە پڕۆژەكان كەم بكەینەوە و لە شوێنی ئەواندا كرێكاری ناوخۆ كار بكەن".

گوتیشی: "ئێستا بەراورد بە ساڵی 2013، رێژەی كرێكارانی بیانی 80%ی لە كوردستان كەم بوونەتەوە".

سەندیکا و رێكخراوەكانی کرێکارانیش لە ھەرێمی كوردستان داوا لە حكوومەت دەکەن، کە پێداچوونەوە بە یاساکانی  پاراستی مافی کرێکاراندا بکرێت، چونکە بەشێک لە یاساکان کۆنن و پێویستیان بە ھەموارەكردنەوە ھەیە.

بە گوێرەی ئامارەکان، لە ماوەی چوار ساڵدا 30 ھەزار و 625 کرێکار لە ھەرێمی كوردستان كارەكەیان جێھێشتووە، یان کۆتایی بە گرێبەستەکانیان ھاتووە، ھەروەھا زیاتر لە 5 ھەزار کرێکار ناویان تۆمار کردووە بۆ ئەوەی ھەلی کاریان بۆ بڕەخسێنرێت. ھاوكات 52 کرێکار لە کاتی کارکردندا بریندار بوون و 25 کرێکاریش گیانیان لە دەست داوە. 

ھ.م

Fly Erbil Advertisment