شاندی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە
یەکێتی: ئامادەین بۆ واژۆکردنی رێککەوتنهكه
K24- ههولێر:
هەفتەی داهاتوو شاندی پارتیی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، لەگەڵ یەکێتی و گۆران کۆ دهبێتەوە، ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتیش دەڵێت: لەو کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ یەکێتی، رێککەوتنی کۆتایی نێوانیان واژۆ دەکهن، بەرپرسێکی یەکێتیش دەڵێت: ئامادەن بۆ رێککەوتنی کۆتایی و کێشە لەلای ئەوان نەماوە.
ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای دەکات، كه کێشەکان کۆتاییان هاتووە و تەنها ئیمزاكردنی رێکەوتنەکه ماوەتهوه. دووپاتیشی كردهوه، هۆکاری دواکەوتنی کۆبوونەوەکان بۆ کێشەی تەکنیکی دەگەڕێتەوە.
بڕیار بوو پێشتر پەرلەمان یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەموار بکاتەوە, بەڵام پێشنیازێکی یەکێتی دانیشتنەکەی پەرلەمانی دواخست، تا گۆڕان بە زیادکردنی جێگرێك بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان رازی بوو.
لهم بارهیهشهوه حاكم قادر, ئهندامی مهكتهبی سیاسیی یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان دهڵێت: ئامادەین بۆ رێککەوتن و هیچ کێشەیهك لای ئێمە نەماوە.
نزیكهی 215 رۆژ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان تێدەپەرێت, تا ئێستا حکوومەت پێكنەهێنراوە، بۆ پێکهێنانی حکوومەت ئیمزايێکی پارتی و یەکێتی ماوە و دواتر پەرلەمان پێشنیازی یاسای دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەموار دەکاتەوە, كه قۆناغێکی گرنگ و سەرەکیی پێکهێنانی حکوومەتە.
H.B