بۆ مانگی رەمەزان نرخی كەلوپەل لە بازاڕەكانی ھەولێر كۆنترۆڵ دەكرێت
ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر چەند تەوەرێك تاوتوێ دەكات
K24 - ھەولێر
ئاراس ئەحمەد، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی بازاڕ لە مانگی رەمەزان و بڕیاری قەدەخەكردنی كاری تاكسی لە فەرمانبەران كۆدەبێتەوە.
عەلی رەشید، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "بە دڵنیاییەوە لەگەڵ قایمقامی ناوەندی ھەولێر و بازرگانەكان دەتوانین نرخی بازاڕ كۆنترۆڵ بكەین. لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا جگە لە قایمقام سەرجەم بەڕێوەبەرە پەیوەندیدارەكان و لیژنەی چاودێری ئامادە دەبن".
گوتیشی: "لە مانگی رەمەزان فرۆشتنی شیرینی لەسەر شەقامەكان بووەتە كولتوور، بۆیە داوا دەكەین كە خواردنی ماوە بەسەرچوو یان خراپ بە خەڵك نەفرۆشن، بازرگانەكانیش بەڵێنیان داوە كە لە مانگی رەمەزان كاڵای زیاتر بخەنە بازاڕەوە، ئێمەش لای خۆمانەوە چاودێرییەكی چڕی بازاڕەكان دەكەین".
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر ئاماژەی بەوەشدا: "لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا گفتوگۆ لەسەر پێشنیازێك دەكەین لەبارەی قەدەخەكردنی كاری تاكسی لە فەرمانبەران، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەن لە پێشنیازێكدا داوای كردووە كە پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا بكرێت".
ھ.م