تورکیا و رووسیا باس لە هێرشکردنە سەر شەڕڤانان دەکەن
"هەڕەشەکان ناهێڵین"
K24 – ههولێر:
تورکیا و رووسیا پلان بۆ ناردنی هێز لە بەشێکی رۆژئاوای کوردستان دادەنێن تاکو چالاکییەکانی شەڕڤانان کۆتایی پێبهێنن.
فوات ئۆکتای، جێگری سەرۆکی تورکیا بە تەلەڤزیۆنی کەناڵ7ی گوتووە، بەرپرسانی تورکیا و رووسیا لە ئێستادا باس لە ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە ناوچەکە دەکەن تاکو هەموو هەڕەشەکان لەناو ببەین.
لەبارەی شوێنی ئۆپەراسیۆنەکە، جێگری سەرۆکی تورکیا ئاشکرایکردووە: "رێککەوتنەکە بۆ ئێمە ئەوەیە ئۆپەراسیۆنەکە لە تێل رەفعەت (بە 20 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شاری عەفرین) ئەنجام بدەین، بەڵام ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن، رەنگە رێککەوتنەکە گۆڕانی بەسەردا بێت. ئەمە لەگەڵ رووسیا باس دەکەین".
دوێنێ شەممە 04/05/2019، لە هێرشێکی شەڕڤانانی یەپەگە، چوار سەربازی تورکیا لە تێل رەفعەت کوژران و دوانی دیکەش برینداربوون، دواتر سوپای تورکیا ناوچەکەی بۆردومان کرد.
لە مانگی سێ - ئازاری رابردووش، وەزارەتی بەرگری تورکیا بڵاویکردبووەوە کە هێزەکانی رووسیا و تورکیا چەند مانۆڕێکی سەربازیان لە تێل رەفعەت ئەنجامداوە.
Reuters
H.J