نێچیرڤان بارزانی و كۆسره‌ت ره‌سوڵ پیرۆزبایی له خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ن
پارتی و یه‌كێتی له سلێمانی گه‌یشتنه رێككه‌وتن
K24 – سلێمانی:
پارتی و یه‌كێتی له سلێمانی گه‌یشتنه رێككه‌وتن و هه‌ریه‌ك له جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی و جێگری سكرتێری گشتیی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی له باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی رێككه‌وتنی نێوان هه‌ردوولایان واژوو كرد.
دوای واژووكردنی رێككه‌وتنه‌كه، هه‌ریه‌ك له نێچیرڤان بارزانی و كۆسره‌ت ره‌سوڵ بۆ میدیاكان قسه‌یان كرد.
كۆسره‌ت ره‌سوڵ جێگری سكرتێری گشتیی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان پیرۆزبایی له خه‌ڵكی كوردستان كرد، به بۆنه‌ی رێككه‌وتنی نێوان پارتی و یه‌كێتی له باره‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت و هیوای خواست، ئه‌و رێككه‌وتنه ببێته سه‌ره‌تایه‌كی گرنگ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و خزمه‌تكردنی خه‌ڵك.
له به‌رامبه‌ریشدا، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ گه‌یشتینه قۆناغی كۆتایی دانانی نه‌خشه‌ڕێگه‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم.
گوتیشی: كاره‌كانی ئێمه به گفتوگۆ و له‌یه‌ك تێگه‌یشتن به ئه‌نجام گه‌یشتن و هه‌رسێ لایه‌ن تێگه‌یشتنی باشمان هه‌یه بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ و هیوادارم كار بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تی خه‌ڵك بكه‌ین.
روونیشیكرده‌وه، له رابردوودا، ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌ك هه‌بووبێت، ترس لای خه‌ڵك درووست ده‌بوو، به‌ڵام ئه‌مجاره هه‌ر سێ لایه‌ن خۆمان به براوه ده‌بینین و پیرۆزبایی له خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌م. جێی خۆیه‌تی سوپاس و ده‌ستخۆشی له شاندی دانووستانی هه‌ردوولا بكه‌ین.