دوو كەس لە رانیە لەسەر مادەی ھۆشبەر دەستگیر كران
دەستگیراوە بەسەر چەند مادەی ھۆشنبەر و چەند پارەچە چەكێك
K24 - رانیە
لە قەزای رانیەی سنووری ئیدارەی راپەڕین، دوو کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیر كران.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "لە 9/4/2019، دوای ئەوەی بنکەی پۆلیسی فریاکەوتنی رانیە کەسێکیان بە تۆمەتی شەڕکردن دەستگیر کرد و بە گومانی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر رادەستی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی راپەڕین کرا، دواتر لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی راپەڕین دەرکەوت کە ئەو کەسە بەکارهێنەری مادەی هۆشبەرە و دانی ناوە بە تاوانەکەیدا. هەر لە هەمان رۆژ دوای بەدوا داچوون و بەدەستهێنانی زانیاری کەسێکی تریش دەستگیر کرا لە لایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی راپەڕین دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دانی ناوە بە تاوانەکەی کە بەکار بەر و بازرگانی بە مادەی هۆشبەرەوە کردووە".
لەو راگەیەیەندراوەدا ھاتووە: "تۆمەتبارەکان بە ناوەکانی (ش.ص) وە (م.ا) هەردووکیان تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵە و لە رەگەزی نێرن. دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا، لەبەردەمی پۆلیسی و دادگا دانیان ناوە بە تاوانەکەیاندا و دوای بەدەستهێنانی بڕیاری دادوەر و پشکنین بۆ ماڵیان توانرا دەست بگیرێت بەسەر چەند کەل و پەلێک کە تایبەتن بە بەکارهێنانی دەرمانی بێهۆشکەر و چەک".
پۆلیسی راپەڕین ئەوەشی خستووەتەڕوو: "تۆمەتبارەكان بە بڕیاری دادوەر بەپێی مادەی 14 لە یاسای مادە هۆشبەرەکان راگیراون و دۆسیەی لێکۆڵینەوەکەیان رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین کرا".
ھ.م