560 کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی لەنێوان پێشمەرگە و سوپادا هەیە
بۆشایی ئەمنی لەنێوان سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق لە ناوچە دابڕێنراوەکاندا، وەک یەکێک لە ئاڵنگارییە ئەمنییە ئاڵۆزەکانی دوای رووداوەکانی ساڵی 2017 ماوەتەوە.
ئەم هێڵە بەتاڵە لە کۆنترۆڵی سەربازی، بۆتە پەناگەیەک بۆ شانە نووستووەکانی داعش تا وەک بنکەی جووڵە و خۆڕێکخستنەوە بەکاری بهێنن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک، لەچەند سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیەوە دەستی کەوتووە، رایگەیاند؛ درێژیی بۆشایی ئەمنی لەنێوان هەردوو هێزەکەدا بە نزیکەی 560 کیلۆمەتر دەخەمڵێندرێت.
ئەم هێڵە لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە لە شارۆچکەی خانەقین لە سنوورەکانی ئێران و پارێزگای دیالە دەست پێ دەکات، بە ناوچەکانی گەرمیان، خورماتوو، باشوور و ڕۆژئاوای کەرکووک، مەخموور و دەشتی نەینەوادا تێدەپەڕێت و لە شنگال و ڕەبیعە و سحێلا لەسەر سنووری عێراق-سووریا کۆتایی دێت.
سەبارەت بە پانتایی بۆشایەکە، سۆران کامەران قسەی لەگەڵ ئەفسەرێکی پلە باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگە کردووە و ئەفسەرەکە پێ گوتووە؛ پانتایەکە لەهەندێک شوێن کەم دەبێتەوە و لەهەندێک شوێن زیاد دەکات. بۆ نموونە لە ناوچە دەشتایی و تەختەکاندا لەنێوان پێنج تا 10کیلۆمەترە، بەڵام لە ناوچە شاخاویی و سەختەکاندا قووڵاییەکەی زیاتر دەبێت و دەگاتە بیست تا 40 کیلۆمەتر.
سەبارەت بەهێزەکانی هێلی بۆشایی ئەو هێزانەی لەوێ جێگیرن: لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی پشتیوانین، لە بەرامبەردا لە بەری حکوومەتی فیدراڵ، فیرقەکانی سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵی و هێزەکانی حەشدی شەعبی ئامادەیییان هەیە.
بە مەبەستی پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییانەش، بڕیار لە جێگیرکردنی "لیوا هاوبەشەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق" (لەوانەش لیوای 20) دراوە بە تایبەت لە ناوچەکانی وەک مەخموور و خانەقین، بەڵام ناوەڕاستی ئەم ناوچانە لە هەردوو لاوە هیچ سەنگەرێکی جێگیری سەربازیی لێ نییە و بەچۆڵی ماوەتەوە.
بەگوێرەی زانیاریەکانی کوردستان24، لە چەند شوێنێک سەنگەرەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە رووی جوگرافییەوە لە یەکترەوە زۆر نزیکن و نێوانیان تەنیا 1 تا 3 کیلۆمەترە، لەوانە مەخموور، لە دەوروبەری چیاکانی قەرەچووغ و پردێ، هەروەها لە خورماتوو و کفری لە ناوچەکانی داوودە و سەر رێگەی سەرەکیی سلێمانی-بەغدا، لەلایەکی دیکە لە بەشێک لە هێڵەکانی پێشەوەش لە دەشتی نەینەوا و شێخان هێزەکان لێک نزیکن.
ماوەیەکە جوڵەی داعش دەستی پێکردووە سۆران کامەران لەو بەرپرسە باڵایەی پێشمەرگەی پرسیوە ئێوە چی دەکەن بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشایانە، ئەویش دەڵێت؛ داعش بەهۆی نەبوونی هێزی جێگیر لەم بۆشاییانەدا، جوڵەی دەست پێ کردووە، سەختی شوێنەکە وەک ئەشکەوت و دۆڵەکان وایکردووە، ببێتە شوێنی مانەوەیان، بۆیە ئەگەر بتەوێ داعش کۆتایی پێ بهێنڕێت، دەبێت هێزی جێگیر لەو شوێنانە دابندرێت.