عەلی باپیر داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لایەنە سیاسییەکان دەکات
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە پەیامێکدا هۆشداریی لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و قۆناخی دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەدات و داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی پارتە سیاسییەکان دەکات بۆ دروستکردنی یەکگوتاریی نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026، عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، بارودۆخی سیاسی و ئاڵۆزییەکانی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوخۆی عێراق گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و کاریگەرییەکانی کۆی جیهان و ناوچەکەی گرتووەتەوە.
باسی لەوەش کردووە، دەوڵەتان بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا دەگەڕێن و دەیانەوێت لەرێگەی هاوپەیمانێتی و رێککەوتنی جۆراوجۆرەوە پارێزگاری لە بوونی خۆیان بکەن. هاوکات ئەوەشی خستەڕوو، وڵاتانی دراوسێ سەڕەڕای بەهێزییان لە رووی ئابووری و سەربازی و سیاسییەوە، پێداچوونەوەیان بە سیاسەتی خۆیاندا کردووە و هەوڵی نزیکبوونەوە لە یەکتر دەدەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان.
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری ئاماژەی بەوە دا، بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەمڕۆ 30ـی ئەیلوولی 2026ـەوە دەچێتە قۆناخێکی نوێوە. گوتی، دیار نییە ئاکامی رووداوەکان لەم قۆناخەدا بەکوێ دەگات، بەڵام قۆناخەکە کۆمەڵێک هەنگاو لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم دەخوازێت و پێویستە سوود لە ئەزموونی وڵاتانی دیکە وەربگرن.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا عەلی باپیر داوای لە هەموو پارتە سیاسییەکان کرد، بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و بەرژەوەندییە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان بخەنە پێش هەر ئامانجێکەوە و ناکۆکییە ناوخۆییەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسە چارەنووسسازەکان وەلابنێن.
لە کۆتاییدا پێشنیازی کرد، بەپەلە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان کۆببنەوە بۆ داڕشتنی هێڵی گشتیی هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ یەکگوتاری و یەکهەڵوێستی وەکو ئامادەکارییەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی ناوچەکە. داواشی کرد، لەو کۆبوونەوەیەدا جگە لە پرسی یەکهەڵوێستی هیچ بابەتێکی دیکە تاوتوێ نەکرێت.