قۆناخی دووەمی پڕۆژەی سەوزکردنی 'بازاڕی سیمی کۆن' جێبەجێ دەکرێت
لە ناوچەیەکی فەرامۆشکراوەوە بۆ دارستانێکی چڕ؛ قۆناخی دووەمی سەوزکردنی "بازاڕی سیمی کۆن" لە هەولێر دەستی پێکرد
ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026، لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی حکوومەت بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزایی و پاراستنی ژینگە، پڕۆژەی گۆڕینی دوورگەی ناوەندیی بێریڤان (ناسراو بە بازاڕی سیمی کۆن) لە شوێنێکی پڕ لە پاشماوەوە بۆ دارستانێکی چڕ و سەوزایی دەستی پێکرد.
لە ڕێورەسمێکدا بەردی بناغەی قۆناخی دووەمی ئەم پڕۆژە ژینگەییە دانرا، کە ئامانج لێی تەواوکردنی دارستانی بازاڕی سیمە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر، ئەم پڕۆژە ستراتیژییە رووبەری 39 هەزار مەتر دووجا دەگرێتەوە و چەندین هەنگاوی گرنگ لەخۆ دەگرێت، لەوانە:
-رواندنی (1,400) دار لە جۆرە جیاوازەکان بۆ دروستکردنی دارستانێکی چڕ لە ناوچەکەدا.
- دروستکردنی سەوزایی لەسەر تەواوی ڕووبەری پڕۆژەکە (39 هەزار مەتر دووجا)، لەگەڵ نۆژەنکردنەوە و چاکسازیکردنی پەرژینی ناوچەکە.
- دروستکردنی کۆگایەکی ئاو بە قەبارەی (75) مەتر سێجا، کە بە تەواوی سیستەمی میکانیکی و کارەباییەوە تەیار کراوە.
- دانان و جێبەجێکردنی سیستەمی ئاودانی دڵۆپاندن بۆ زامنکردنی پاراستن و گەشەپێدانی بەردەوامی سەوزاییەکە و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو.
لەمبارەیەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان جەختیان لەوە کردەوە کە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێکی گرنگە بۆ نەهێشتنی سیمایەکی ناشرینی پڕ لە زبڵ و پاشماوە لەو ناوچەیە، و گۆڕینی بۆ ژینگەیەکی پاک و جوانتر بۆ هاووڵاتیان. ئەمەش بەشێکە لەو بەرنامە و پلانە بەردەوامانەی کە بۆ گرنگیدان بە کەرتی سەوزایی و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە پایتەخت جێبەجێ دەکرێن.