سواڵکردن و دانانی سندووقی خێرخوازیی لە مزگەوتەکان قەدەغە دەکرێت

ئەو کەسانەی لە شوێنە گشتییەکان سواڵ دەکەن دەستگیر دەکرێن

K24 - ھەولێر

وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی لە ھەرێمی كوردستان، بە بڕیارێك سواڵكردن و دانانی سندووقی خێرخوازیی لە مزگەوتەكان قەدەغە دەكات و دەیەوێ لەگەڵ پارێزگا و قایمقامەكان، بڕیارەكە جێبەجێ بكرێت، بۆ ئەوەی  سواڵكردن لە مزگەوت و شوێنە گشتییەكان نەمێنێت.

لیژنەیەکی تایبەتمەند لە قایمقامیەتی ھەولێر، رۆژانە ئەو ھاووڵاتییانە دەستگیر دەکات، کە خەریکی سواڵکردنن لە ناو مزگەوت و ترافیک و شوێنە گشتییەکاندا.

سواڵکردن و کۆکردنەوەی پارە لە ناو مزگەوتەکاندا، بەشێک لە ھاووڵاتییانی نیگەران کردووە، بە جۆرێک خەریکە لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردە. سەرپەرشتیاری یەكێك لە مزگەوتەكانی شاری ھەولێریش دەڵێ "پێویستە حكوومەت ھەوڵ بدات کۆنتڕۆڵی ئەم حاڵەتانە بکات و ھەندێ جار مامۆستایانی ئایینی و ھاووڵاتییانیش دەخەنە دۆخێكی نائاسایی".

وەزارەتی ئەوقاف بە بڕیارێک سواڵکردن و دانانی سندووقی خێرخوازیی بۆ کۆکردنەوەی پارەی لە مزگەوتەکان قەدەغە کردووە.

نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف بە كوردستان24ی راگەیاند: "داوامان لە قایمامیەتەكان كردووە، كە ھاوكارمان بن لە نەھێشتنی دیاردەی سواڵكردن لە ناومزگەوت و شوێنەكانی دیكە، كە بووەتە كولتوورێكی زۆر خراپ، زۆربەی ئەوانەی سواڵیش دەكەن، ھەژار نین".

نەبەز ئیسماعیل، قایمقامی ناوەندی ھەولێر ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لەگەڵ ئەوەی ئەوان بەردەوام ڕێ لە دیاردەی سواڵکردن دەگرن، بەڵام بە ھۆی ھاتنی ئاوارە و پەنابەرێکی زۆرەوە، کۆنتڕۆڵکردنی زەحمەتە و کاتی دەوێت.

ھ.م