یەكێتی كاندیدی پۆستەكانی حكوومەت یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌

مەكتەبی سیاسیی یەكێتی چەند پرسێك تاووتوێ دەكات

K24 - سلێمانی

مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ یەكلایی كردنەوەی كاندیدەكانی بۆ ئەو پۆستانەی لە حكوومەت و پەرلەماندا بەری كەوتوون، لە شاری سلێمانی لە كۆبووه‌وه‌.

دیار جەمال، پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، باس لە پشك و بەركەوتەكانی حزبەكە دەكرێت لە حكوومەت، سەرەتا لە پۆستەكانی سەرۆكایەتییەكان دەست پێ دەكەن، وەك جێگری سەرۆكی ھەرێم، جێگری سەرۆكی حكوومەت، سەرۆكی پەرلەمان، كە پشكی یەكێتین. ئەوەی له‌م نێوه‌دا بەلای یەكێتییەوە گرنگە، كاندیدی سەرۆكی پەرلەمانە، چونكە تا ئێستا لەنێوان بێگەرد تاڵەبانی و رێواس فایەق یەكلایی نەكراوەتەوە. یەكێتی دەیەوێت كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەنێوان ئەو دوو بەربژێرە یەكلایی  بكاتەوە، دواتر باس لە كاندید بۆ پۆستەكانی دیكە بكات".

بەپێی زانیاریی پەیامنێرمان: "لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەكرێت،  كه‌ یەكلایی كردنەوەی كاندید بۆ پۆستەكان لە رێگەی دەنگدانەوە بێت لەنێو ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی، یان بە رێككەوتن بێت لەنێوان ئەندامانی مەكتەبی سیاسی".

ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو كاندیدانەی تا ئێستا لەنێو یەكێتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی ھەرێم ناویان ھەیە بریتین لە، جەعفەر شێخ مستەفا، حاكم قادر حەمەجان، عومەر فەتاح، كە ھەرسێكیان ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتین، بەڵام شێخ جەعفەر چانسی زیاتری ھەیە ئەو پۆستە وەربگرێت".

ھ.م