چاره‌نووسی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاری كه‌ركووك یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه

"له‌گه‌ڵ هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌ت رێككه‌وتن له‌سه‌ر كه‌ركووكیش ده‌كرێت"

K24- هه‌ولێر:

له‌ باره‌ی دۆخی كه‌ركووك و هه‌ڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ ئه‌و شاره‌، ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان کات و چۆنیەتی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووك ئاشکرا دەکات, بەرپرسێکی یەکێتیش دەلێت: تا ئێستا لەنێوان پارتی و یەکێتی واده‌یه‌ك بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووك دیاری نەکراوە، بەڵام لەگەڵ هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکوومەت رێککەوتنەکانیش لەسەر کەرکووك دەستپێدەکات.

له‌كاتێكدا پۆستی پارێزگاری کەرکووك وەك گرێ کوێرەیەك لە نێوان پارتی و یەکێتی بە نەکراويی ماوەتەوە، ئەو دوو لایەنە بەتەواوەتی نەگەیشتونەتە رێککەوتن لەسەر تەواوی رێكکارەکان له‌مباره‌یه‌وه‌.

سەبارەت بە کاتی دیاریکردن و هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووكیش، محه‌مه‌د خورشید، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دەڵێت: دەکەوێتە دوای پێکهێنانی كابینه‌ی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وردەکاری رێککەوتنی سەرۆك بارزانی و کوسرەت رەسوڵيش بۆ کوردستان 24 ئاشکرا دەکات.

یه‌كێتیش كه‌ به‌رده‌وام پێداگری دەکات، لەوەی دەبێت ئەو پۆستە بۆ ئەو بێت یان خۆی کاندید دیاری دەکات یان هەر کەسێك بۆ ئه‌و پۆسته‌ دیاریکرا، دەبێت کادری ئەوان بێت، ئازاد جووڵا، ئەندامی مەکتەبی پەیوەندیە گشتیەکانی ئه‌و حزبه‌ جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، کات بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار دیاری نەکراوە بەڵام دوای هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکوومەت  پرسی رێککەونتەکەی کەرکووکیش دەسپێدەکات.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یه‌كێتی یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووکیان داوەتە دەست سەرۆك بارزانی و کۆسرەت رەوسوڵ عەلی، بەرپرسانی هەردوولاش لە بارەی کاتی دیاریکردنی کاندید و هەڵبژاردنه‌كه‌ قسەی جیاواز دەکەن، بەڵام کۆکن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئەو پرسە به‌بێ بەغدا یەکلايی ناکرێتەوە.

H.B