سەرۆك بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق بارودۆخی ناوچەكەیان تاووتوێ كرد

سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەكات

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ 15/5/2019 لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە جۆن ویلكس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و مارتین وار، كونسڵی به‌ریتانیا لە هەولێر كرد و لە دیدارێكدا بارودۆخی ناوچەكەیان تاووتوێ كرد.

لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەكان لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی، هەروەها پڕۆسەی سیاسیی عێراق، ئاڵوگۆڕ كرا و وێڕای ئاماژەدان بە بەردەوامیی هەڕەشە و مەترسییەكانی داعش لەسەر ئاسایشی عێراق و ناوچەكە، جەخت لەوە كرایەوە كە گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسییەكان نەبنە هۆی ئەوەی تەركیز لەسەر شەڕی داعش كەم ببێتەوە.

ژیان و گوزەرانی ئاوارەكان لە پارێزگای نەینەوا، كاركردن بۆ گەڕاندنەوەی ئێزدییەكان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، دابینكردنی ئاساییش و خزمەتگوزاری لە ناوچەكانیان، تەوەرێكی دیكەی ئەو دانیشتنە بوو.