سەرۆکی حکوومەت بەردی بناخەی چەند پڕۆژەیەکی کۆمپانیای تۆیۆتا دادەنێت
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی چەند پڕۆژەیەکی کۆمپانیای تۆیۆتا لە هەولێر دادەنێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی کۆمەڵێک پڕۆژەی ستراتیژیی کۆمپانیای تۆیۆتا لە هەولێر دادەنێت کە بریتین لە (ناوەندی پارچەی یەدەگ،
فراوانکردنی سەنتەری پشکنینی پێش رادەستکردن، هەولێر مۆتۆر سیتی).
رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی کونسوڵی گشتیی یابان، پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی کۆمپانیای تۆیۆتا - عێراق بەڕێوەدەچێت.
کۆمپانیای تۆیۆتا وەک یەکێک لە براندە جیهانییەکان لە هەرێمی کوردستان کار دەکات و ئێستا لقی لە هەولێر، دهۆک و سلێمانی هەیە، هاوکات بڕیارە لقی نوێی کۆمپانیاکە لە هەڵەبجە بکرێتەوە.
20ـی ئەیلوولی 2025، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لقی کۆمپانیای تۆیۆتای لە دهۆک کردەوە. پڕۆژەکە لەسەر رووبەری 62,500 مەتر دروستکراوە و لە یەک کاتدا شوێنی 1,200 ئۆتۆمبێل دەبێتەوە.
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە، حکوومەت هەوڵ دەدات کۆمپانیا گەورەکانی جیهان لقەکانیان لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە، تا گەنجان بتوانن سوود لە ئەزموونەکانیان وەربگرن.