گۆڕی ئیلی کۆهین دوای 60 ساڵ ئاشکرا دەبێت
ئەفسەرێکی پێشووی سووریا، کە لە پرۆسەی دەستگیرکردنی ئیلی کۆهین، سیخوڕی ئیسرائیلی بەشدار بووە، زانیاریی نوێ لەبارەی شوێنی سەرەتایی ناشتنی تەرمەکەی لە نزیک دیمەشق ئاشکرا دەکات.
سەعید جاویش، ئەو ئەفسەرە سوورییەی رۆڵی لە ئاشکراکردن و دەستگیرکردنی کۆهیندا هەبووە، رایگەیاند: تەرمەکەی سەرەتا لە ئەشکەوتێکدا لەسەر رێگەی دیماس لە نزیک دیمەشق نێژراوە و دواتر بۆ شوێنێکی دیکە گواستراوەتەوە.
جاویش لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری مەجەلە، دوای نزیکەی 60 ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی کۆهیندا جەختیکردەوە: شوێنی ناشتنی ئەو سیخوڕە ئیسرائیلییە بووەتە بابەتێکی نادیار و هەمیشەیی، ئەمەش لە کاتێکدایە ئیسرائیل بەردەوامە لە گەڕان بەدوای تەرمەکەیدا.
بەگوێرەی گێڕانەوەی جاویش، کۆهین لە سەرەتادا لە ئەشکەوتێکدا لەسەر رێگەی دیماس لە نزیک دیمەشق نێژراوە، پاشان تەرمەکەی گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی دیکە لە نزیک پایتەختی سووریا، بەڵام شوێنە نوێیەکەی ئاشکرا نەکراوە.
کۆهین ساڵی 1965 لە گۆڕەپانی مەریجە لە ناوەڕاستی دیمەشق لەسێدارەدرا، ئەمەش دوای ئەوەی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل دادگایی کرا. کۆهین بە ناوی کامیل ئەمین سابت چووبووە سووریا و توانیبووی تۆڕێکی فراوانی پەیوەندی دروست بکات و زانیاری بۆ ئیسرائیل بنێرێت.
جاویش روونیکردەوە، کۆهین لە ساتەکانی کۆتایی ژیانیدا هێمن بووە و نامەیەکی بۆ هاوسەرەکەی، نادیا، نووسیوە بەرلەوەی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا جێبەجێ بکرێت.
دوای لەسێدارەدانی، دۆسیەی تەرمی کۆهین بووە بەشێکی دیکە لە چیرۆکی ئەو سیخوڕە، چونکە گەڕان بەدوای شوێنی ناشتن و گواستنەوەی تەرمەکەیدا بەردەوام بووە، لە کاتێکدا چەندین گێڕانەوەی جیاواز لەبارەی چارەنووسەکەیەوە هەن.
ساڵی 2019 نێتفلیکس لە زنجیرەی "سیخوڕەکە" چیرۆکی کۆهینی نمایش کرد، بەڵام گێڕانەوەی جاویش کە لە گۆڤاری مەجەلە بڵاوکراوەتەوە، وردەکاریی نوێ لەبارەی شوێنی ناشتنی یەکەمی لە ئەشکەوتێکی سەر رێگەی دیماس و گواستنەوەی دواتری بۆ شوێنێکی دیکە لە نزیک دیمەشق دەخاتەڕوو.