له‌ هه‌رێمی كوردستان 30 ملیار مه‌تر سێجا ئاو به‌فیڕۆ چووه‌

هه‌رێمی كوردستان به‌راورد به‌ عێراق كه‌مترین بڕی ئاوی گل داوه‌ته‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

بە ھۆی نەبوونی بەنداوی پێویست لە ھەرێمی كوردستان، ساڵانه‌ رێژه‌یه‌كی زۆر له‌ ئاوی باران و ئاوی ژێرزه‌وی به‌ فیڕۆ ده‌چێت، ئەمساڵیش سەرەڕای ئەوەی بارانێكی زۆر لە هه‌رێمی كوردستان باریوه‌، كەچی ئاستی گلدانەوەی ئاوی بەنداوەكان بەراورد بە ساڵی رابردوو، 30% بەرزبوونەوەی تۆمار كردووە.

به‌ڕێوەبه‌ری گشتیی به‌نداو و كۆگاكانی ئاو، ئه‌كرم محەمەد رایگەیاند، ته‌نیا له‌ وه‌رزی بارانبارینی ئه‌مساڵدا، 30 ملیار مەتر سێجا ئاو بەفیڕۆ چووە.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، كه‌سه‌نته‌ری نیشتمانیی به‌ڕێوبردنی سه‌رچاوه‌كانی ئاوی عێراق رایگه‌یاند، ئه‌مساڵ تا 13ی ئایار/ مایۆی 2019، له‌ به‌نداوه‌كاندا 52.072 ملیار مه‌تر سێجا ئاو گل دراوه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌راورد به‌ ساڵی رابردوو، رێژه‌كه‌ چه‌ند جاره‌یه‌ و پار ته‌نیا 17.306 ملیار مه‌تر سێجا ئاو گل درابووه‌وه‌.