ژنانی رۆژهەڵات دژی ژنکوژیی هاتنە دەنگ
" ئەو شتەی کە بە پاساوی شەرەف لە کۆمەڵگای کوردی ڕوو ئەدات قەسابخانەیەکی دانپێنراوە"
K24 – ههولێر:
ماڵپەڕی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایکردووە، لە ماوەی دوو مانگی رابردوو، 28 کچ و ژنی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان کوشتووە یان کوژراون.
بۆ ئەم مەبەستەش، 141 چالاکوان و ئەندامانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە دەرەوەی وڵات راگەیندراوێکیان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: "ئەو شتەی کە بە پاساوی شەرەف لە کۆمەڵگای کوردی ڕوو ئەدات قەسابخانەیەکی دانپێنراوە لە لایەن کۆمەڵگای کوردی بە ھەموو چین و توێژێکیەوە".
لە راگەیندراوەکە هاتووشە: "پێوستە کە ئەم کوشتن و بڕینە کە بۆتە ماڵ بە سەر کوردەوە کۆتایی پێ بێت، پێوستە کە تەواوی چالاکانی بواری ماڤی ژنان، ڕۆشنبیران و مرۆڤدۆستان و حیزبە سیاسییەکانیش بێنە سەر خەت و سنوورێک بۆ ئەم کردەوە دڕندانەیە دابنرێت".
دەقی راگەیندراوەکەی ژنانی کوردی رۆژھەڵات لە دەرەوەی وڵات:
ڕۆژ نییە ھەواڵی کوشتن و بڕینی ژنان و کچانی کورد بە تایبەت لە ڕۆژھەڵات نەبێتە سەردێڕی ھەواڵەکان؛ ڕۆژ نییە ھەواڵی خۆکوشتن لە ڕۆژھەڵات بە تایبەت خۆکوشتنی ژنان نەبێتە بابەت و خۆراکی مێدیای کوردی، ئیتر با بەس بێت!
پێوستە کە لە بیستنی ئەم ھەمووە ھەواڵە جەرگبڕە ڕاچڵەکەین لە جیات ئەوەی کە ئاسایی وەری بگرین دەبێ پێی نیگەران بین و بپرسین بۆ؟ بپرسین تا کەی؟
ئەو شتەی کە بە پاساوی شەرەف لە کۆمەڵگای کوردی ڕوو ئەدات قەسابخانەیەکی دانپێنراوە لە لایەن کۆمەڵگای کوردی بە ھەموو چین و توێژێکیەوە!
پێوستە کە ئەم کوشتن و بڕینە کە بۆتە ماڵ بە سەر کوردەوە کۆتایی پێ بێت، پێوستە کە تەواوی چالاکانی بواری ماڤی ژنان، ڕۆشنبیران و مرۆڤدۆستان و حیزبە سیاسییەکانیش بێنە سەر خەت و سنوورێک بۆ ئەم کردەوە دڕندانەیە دابنرێت!
کولتوور، داب و نەریت و ھەموو شتێک قابیلی گۆڕانە پێوستیە کە ھەمووان ئەمڕۆکە شان بدەینە ژێر ئەو ئەرکە گرینگە چون سبەی ئیتر درنگە!
ئێمە وەک ژنانی ڕۆژھەڵات لە دەرەوەی وڵات بە توندی ئیدانەی ئەم دیاردە جەرگبڕەی ژنکوشتن بە تایبەت لە ڕۆژھەڵاتی کوردوستان دەکەین و داواکارین لە گشت ڕێکخراوەکانی مەدەنی و ماڤی ژنان و ژینگەپارێزانی ڕۆژھەڵاتی کوردوستان بێنە سەر خەت و سنوورێک بۆ ئەم دیاردە قێزەونە واتە دیاردەی ژنکوشتن دابندرێت.
H.J