نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان: پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی ھەرێم نزیكه‌

"گفتوگۆكان كۆتاییان ھاتووە و رێككەوتن كراوە"

K24 - ھەولێر

جینین ھەینس پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند "دڵخۆشم کە گفتوگۆکان بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆتاییان ھاتووە و رێککەوتن کراوە".

لە کۆبوونەوەی تایبەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی تایبەت بە عێراق، نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق گوتی: "داعش لە عێراق ھێشتا ھەڕەشەیە و مەترسی سەرھەڵدانەوەی ھەیە و گەندەڵیش رێگرە لە پێشکەوتنی ئەو وڵاتە".

پلاسخارت راشیگەیاند: "سەرۆک وەزیرانی عێراق بە روونی و بە ئاشکرا پێی وتووین، گەندەڵیی ناوبانگی عێراقی ناشیرین کردووە و ھێزی لەبەر بڕیوە".

تایبەت بە ھەرێمی کوردستانیش گوتی: "دڵخۆشم بەوەی کە دوای گفتوگۆ و دانوستانێکی زۆر، لایەنەکان بۆ پێکھێنانی كابینه‌ی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رێککەوتن و ھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن، کە مانگی داھاتوو کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێک دەھێنرێت".

لە بارەی پێشمەرگەوە پلاسخارت ئەوەی خستەڕوو: "ریفۆرم خاڵێکی گرنگە بۆ رێکخستنەوەی ئەو ھێزە".

ھ.م