بۆچی ریزبەندی فیفا لە جامی کەنداو بەرچاو نەگیرا؟

جامی کەنداوی عەرەبی 2026
جامی کەنداوی عەرەبی 2026

هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق لە کۆتا یاری قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی کەنداوی 2026 بەرامبەر هەڵبژاردەی سعوودییە تووشی دۆڕان بوو، لە بەرامبەردا عومان بردنەوەی بەدەستهێنا و دواجار بە تیروپشک عێراق لە پاڵەوانێتیەکە دەرکرا و عومان سەرکەوت بۆ قۆناخی پێشکۆتایی.

جامی کەنداو یەکێکە لە کۆنترین پاڵەوانێتیەکانی کیشوەری ئاسیا و ئەو پاڵەوانێتیەش وەکو هەموو پاڵەوانێتیە هەرێمیەکان و پاڵەوانێتیە فەرمیەکانی دیکە خاوەنی رێسا و یاسای خۆیەتی، یەکێک لە یاساکانیش ئەوەیە هەر کاتێک دوو تیپ هاوشێوەی ( عێراق و عوممان ) لە هەموو شتێکدا واتە گۆڵ کردن و گۆڵ لێکران و ئەنجامی رووبەڕووبونەوەیان و کارتی زەرد و کارتی سوور یەکسانبن، دواجار بە گوێرەی ئەو یاسایەی پێشتر دارێژراوە، بە شێوەی تیروپشک تیپی براوە یەکلایی دەکرێتەوە ئەم حالەتە لە زۆربەی پاڵەوانێتیە هەرێمیەکان و جیهانیەکانیش بەکاردێت.

جامی کەنداو پاڵەوانێتیەکی سەربەخۆیە و هیچ پەیوەندییەکی بە فیفاوە نیە، هەربۆیەش رێکخەرانی لەسەر ویستی خۆیان رێککەوتن و یاسای تایبەت بە پاڵەوانێتیەکەیان داناوە، یەکێک لە یاساکانیش ئەنجامدانی تیروپشکە.

پاڵەوانێتیەکانی وەک جامی کەنداو و پاڵەوانێتییە هەرێمی و کیشوەرییەکان یاسای تایبەت بە خۆیان هەیە کە پێش دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە پەسەند دەکرێن. هەرجەندە فیفا لەو ئەگەرە کار لەسەر دوایین ریزبەندی هەڵبژاردەکان دەکات.