ئه‌مه‌ریكا: ئێمه قه‌رزاری هه‌سه‌ده‌ین و پێویسته هاوكارییان بكه‌ین
"ئه‌وان هاوپه‌یمانی سه‌ربازیی ئێمه‌ن"
K24- هه‌ولێر:
ئه‌مه‌ریكا دووپاتی ده‌كاته‌وه، له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات "هه‌سه‌ده"، كار له‌سه‌ر هیچ پڕۆژه‌یه‌كی سیاسی بۆ كورد له سووریا ناكه‌ن و ته‌نیا وه‌ك هاوبه‌شێكی سه‌ربازیی، سه‌یریان ده‌كه‌ن.
جه‌یمس جێفری، نێردراوی تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا بۆ سووریا له میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی لێژنه‌ی كاروباری ده‌ره‌وه له ئه‌نجوومه‌نی نوینه‌رانی سه‌ر به كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا گوتی: "ئێمه پابه‌ندین به په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ هه‌سه‌ده، ئه‌ویش به‌وه‌ی هه‌سه‌ده هاوبه‌شێكی سه‌ربازی ئێمه‌یه له شه‌ڕی دژ به داعش له پێناو پاراستنی سه‌قامگیری ناوچه‌كه".
جێفری گوتی: "ئێمه هیچ ئه‌جێندایێكی سیاسیی هاوبه‌شمان له‌گه‌ڵ ئه‌واندا نییه، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت هێزه‌كانمان له‌و شوێنانه‌ن، كه له رووی ئیداری و سه‌ربازییه‌وه له‌ژێر كۆنتڕۆڵی هه‌سه‌ده‌ن"، وه‌ك خۆی گوتی: "هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره‌شه، پێویسته له‌سه‌رمان پارێزگاری له په‌یوه‌ندییه عهقلانییهكانمان له‌گه‌ڵ ئه‌وان بكه‌ین و هاوكارییان بكه‌ین".
جێفری له به‌رده‌وامیی قسه‌كانیدا گوتیشی: "به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ئێمه قه‌رزاری هه‌سه‌ده‌ین، چونكه له ریزه‌كانمان له دژی داعش جه‌نگاون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ ئاینده‌یه‌كی سیاسی بۆ ئه‌وان ناخه‌ینه روو، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت، كه چاره‌سه‌ر بۆ ته‌واوی لایه‌نه‌كانی سووریا ده‌خه‌ینه روو".
نێردراوی ئه‌مه‌ریكا دووپاتی كرده‌وه: "ئه‌مه‌ریكا پابه‌نده به‌و پرۆسه سیاسییه‌ی كه له بڕیاری ژماره 2254ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا هاتووه".
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جه‌یمس جێفری دووپاتی كرده‌وه، ئه‌مه‌ریكا سووریا جێ ناهێڵێت.
H.B