داقووق.. گه‌نجێكی كورد شه‌هید و 9 هاووڵاتیی دیكه‌ بریندار بوون

ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ داعش ته‌قه‌ی له‌ هاووڵاتیانی ناوچه‌كه‌ كردبێت

K24 – داقووق:

شه‌وی رابردوو لە ئاوایی دارا، لە کۆمەڵگه‌ی حەفت ته‌غاری سەر بە شارۆچکەی داقووق، ئاگر لە دەغڵودانی جووتیارە كوردەکان بەردرا و له‌ كاتی ئاگركوژاندنه‌وه‌شدا، چه‌كدارانی داعش ده‌ستڕێژیان له‌ هاووڵاتیان كرد و به‌و هۆیه‌وه‌ كه‌سێك شه‌هید بوو و 9 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.

په‌یامنێری كوردستان24 له‌ كه‌ركووك، سۆران كامه‌ران رایگه‌یاند، بە وتەی سەرچاوەیەک لە پۆلیسی داقووق، لە کاتی چوونی جووتیارەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، تەقە لە جووتیارە کوردەکان کراوە و 10 کەس بریندار بوون و دواتر ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌كانی داقووق و كه‌ركووك كراون. یه‌كێكیش له‌ برینداره‌كان به‌ هۆی سه‌ختیی برینه‌كه‌یه‌وه‌، شه‌هید بووه‌.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: سەرچاوەی تەقەکان لە دەشتاییەکی رۆخانەوە بووه‌، کە بووه‌تە مۆڵگەی چەکدارانی داعش و پێدەچێ ئەو کەسانەی دەغڵەکانیان سووتاندووە، هەر ئەو کەسانەش بن، کە تەقەیان لە جووتیارە کوردەکان کردووه‌.

چالاكانی كورد له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووك، گرته‌ و وێنه‌ی شه‌ڕ و سووتاندنی خله‌ و خه‌رمانی هاووڵاتیانی كوردیان له‌ داقووق بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ و ره‌خنه‌یان له‌ بێده‌نگیی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان گرتووه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیاریی په‌یجه‌ كوردییه‌كان، ناوی شه‌هید و برینداره‌كان به‌م جۆره‌یه‌:

1- هەردی سامان محەممەد، شەهید، 28 ساڵ.

2- حسێن حسـام مەحموود، بریندار، 23 ساڵ.

3- شیڤان قادر مەحموود، بریندار، 30 ساڵ

4- ئەحمەد نووری ئیبراهیم، بریندار،21 ساڵ.

5- محەممەد جەبار عەلی، بریندار، 17 ساڵ.

6 - فاروق زیاد فاروق، بریندار.

7 - مەنسوور محەممەد ئەمین، بریندار.

8 - هاوکار عوسمان شکور، بریندار.

9 - سەباح نووری ئیبراهیم، بریندار.

10- عادل هەیاس محەممەد، بریندار.