كاكه‌ییه‌كان په‌یامێك ئاراسته‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌كه‌ن
"به‌رپرسیارێتیی پاراستنی ناوچه‌كانمان له ئه‌ستۆی حكوومه‌تی عێراقه"
K24- داقوق:
كاكه‌ییه‌كانی باشووری كه‌ركووك هۆشداریی له دووباره گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش ده‌ده‌ن و له به‌یاننامه‌یه‌كیشدا رێكخراوێكی كاكه‌ییه‌كان رایده‌گه‌یه‌نێت: ئێستا دۆخه‌كه وای لێ هاتووه، جیاوازیی له نێوان كرده‌وه‌كانی داعش و شۆڤێنییه‌كان نه‌كرێت.
له لێدوانێكدا بۆ كوردستان 24، ره‌جه‌ب كاكه‌یی، سه‌رۆكی رێكخراوی میترا ده‌ڵێت: "ئێمه به‌رپرسیارێتیی پاراستنی ئه‌و ناوچانه ده‌خه‌ینه ئه‌ستۆی حكوومه‌تی عێراق، له‌كاتێكدا به‌غدا له‌و ئه‌ركه‌ی كه‌مته‌رخه‌مه".
داواش له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كات، كار بۆ پاراستنی پێكهاته‌كان له عێراق بكه‌ن و ده‌شڵێت: "له‌لایه‌ك گوتاری توند له ئاستی باڵادا ده‌بیستین، هاوكات هیچ جیاوازییه‌ك له نێوان داعش و ئه‌و لایه‌نه عێراقیانه‌دا نابینین، كه خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌یان هه‌راسان كردووه، چونكه هه‌ردوولا په‌نا ده‌به‌نه به‌ر سووتاندنی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانی كورد له‌و ناوچانه".
ئاشكراش ده‌كات، كه تا ئێستا ده‌یان حاڵه‌تی سووتاندنی زه‌ویی كشتوكاڵیی رووی داوه و ته‌نیا له سنووری داقووق زیاتر له هه‌زار و 600 دۆنم زه‌وی سووتێنراون.
H.B