رامۆس له نێوان مانه‌وه و رۆیشتنی بڕیاری كۆتایی دا
رامۆس بڕیاری دا له‌م یانه‌یه وازهێنان له یاریكردن رابگه‌یه‌نێت
سێرخیۆ رامۆس بڕیاری دا له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید به‌رده‌وام بێت و هه‌ر له‌و یانه‌یه‌ش وازهێنان له یاریكردن رابگه‌یه‌نێت و ئۆفه‌ره گرانبه‌هایه‌كه‌ی خولی چینیشی ره‌ت كرده‌وه.
كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر به‌شێكی زۆر له رۆژنامه‌نووس و ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی ئیسپانیا ئاشكرایان كرد كه سێرخیۆ رامۆس كاپتنی یانه‌ی ریال مه‌درید مانه‌وه‌ی خۆی له یانه‌كه راگه‌یاندووه و جه‌ختی له‌وه كردۆته‌وه هه‌ر له‌و یانه‌یه‌ش كۆتایی به ژیانی وه‌رزشی دێنێت.
سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ش كردووه كه بڕیاره ئه‌مڕۆ رامۆس پرێس كۆنفرانسێك ساز بكات و له‌به‌رده‌م میدیاكان كۆتایی به ده‌نگۆیه‌كان بێنێت و مانه‌وه‌ی له ریال مه‌درید رابگه‌یه‌نێت.
سێرخیۆ رامۆسی ته‌مه‌ن 33 ساڵ، له هاوینی 2004 له یانه‌ی سێڤییاوه به به‌های 27 ملیۆن یۆرۆ روویكرده ریال مه‌درید، رامۆس له‌گه‌ڵ یانه‌ی شایانه 4 نازناوی چامپیۆنزلیگ و 4 نازناوی لالیگا و 2 جامی شای بردۆته‌وه.
رامۆس 606 یاری فه‌رمی له سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتییه‌كان له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید كردووه و 84 گۆڵ و 39 ئاسیستی تۆمار كردووه.