سەرۆك بارزانی بە توندی ئیدانەی كردەوە تیرۆریستییەكانی شاری كەركووك دەكات

پێویستە كاری هاوبەش و هەماهەنگیی تەواو لەنێوان هێزی پێشمەرگە و دامودەزگاکانی هەرێم و حكوومەتی عێراق هەبێت

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، له‌ په‌یامێكدا ئیدانه‌ی ته‌قینه‌وه‌كانی كه‌ركووكی كرد و راشیگه‌یاند، داوا لە حكوومەتی عێراقی دەكەین بە زووترین كات ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە ئاشكرا بكرێن و بە سزای خۆیان بگەیێندرێن.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌

بەناوی خودای بەخشندەو میهرەبان

بە داخێكی زۆرەوە لە شەوی پێنج شەممە 30ـی 5ـی 2019 لە ئەنجامی زنجیرە تەقینەوەیەكی تیرۆریستی لە شاری كەركووك ژمارەیەك هاووڵاتی شەهید و ژمارەیەكی تر بریندار بوون. وێڕای ئەوەی زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو كردەوە تیرۆریستیانە دەكەین، سەرەخۆشییش لە كەسوكاری قوربانیانی ئەو ڕووداوە تیرۆریستییانە دەكەین و هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. داواش لە حكوومەتی عێراقی دەكەین بە زووترین كات ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە ئاشكرا بكرێن و بە سزای خۆیان بگەیێندرێن. 

ئامانجی تیرۆر تێكدانی پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی كەركووكە و مەترسییەكی گەورەیە لەسەر ژیانی هاووڵاتیان و ئاسوودەیی خەڵك. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریش بە تایبەت لە شاری كەركووك پێویستە كاری هاوبەش و هەماهەنگیی تەواو لەنێوان هێزی پێشمەرگە و دامودەزگاکانی هەرێم و حكوومەتی عێراق هەبێت. ئەوەیش لەپێناو بنبڕكردنی هەڕەشەی تیرۆر و پاراستنی پێكهاتەكان و گەڕاندنەوەی كەركووك بۆ دۆخی ئاسایی خۆی.

مسعود بارزانی

31ی 5ـی 2019