پارتی پێکهێنانی حکوومەت و رەوشی کەرکووک تاووتوێ دەکات

ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی کۆدەبێتەوە

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ شەممە 01/06/2019، ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان کۆ دەبێتەوە و پرسەکانی پێکهێنانی حکوومەت و رەوشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، تاووتوێ دەکات.

سەرچاوەیەك بە كوردستان24ـی راگەیاند، ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی، بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی، كۆ دەبێتەوە، لە كۆبوونەوەكەدا قۆناخەكانی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت و رێوشوێنەكانی سوێندخواردنی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكان تاووتوێ دەكرێن.

ئاماژەی بەوەش كرد، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە، تاووتوێكردنی بارودۆخی عێراق و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە ده‌بێت.

بە گوێرەی بانگهێشتنامەی پەرلەمانی کوردستان، رۆژی 10/06/2019، نێچیرڤان بارزانی وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوێندی یاسایی دەخوات، دواتر سەرۆکی حکوومەتی نوێ، مەسرور بارزانی، بۆ پێکهێنانی کابینەکەی رادەسپێردرێت.

هەرچی دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمە، بە رەوشێکی خراپدا تێپەڕدەبێت، هەزاران دۆنم گەنمی جووتیارانی کورد لە لایەن عەرەبە هاوردەکانەوە سووتێنراوە و دۆخی ئەمنیش تا دێت روو لە ناسەقامگیرییە و بە شێوەیەکی رێکخراو کار بۆ بە عەرەبکردنی ناوچەکان دەکرێت.

 ‌H.J