مەلا بەختیار: یەكێتی لە بهردهم دووڕیانێكی چارەنووسساز دایە
"بەو پینەوپەڕۆیە خەڵك جارێكی دیكە دەنگ بە ئێمە نادەنەوە "
K24 - ھەولێر
مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە بارەی بارودۆخی ناوخۆی حزبەكەی رایدەگەیەنێت "یەكێتی لە دووڕیانێكی چارەنووسساز دایە، دوور لە تەكەتول و شەخسەنەكردنی كێشەكان و پلانگێڕان بەرەو كۆنگرە بڕۆین".
مەلا بەختیار، لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا كە بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی بڵاوی كردووەتەوە دەڵێ: "یەكێتی لە دۆخێك دایە كە دەبێ رەخنە لە خۆمان بگرین و كۆنگرە ببەستین، دەبێ پەیمان بە خەڵك بدەین، كە ئەو ھەڵانە جارێكی دیكە دووبارە ناكەینەوە. یەكێتی بە پینەوپەڕۆ مەحاڵە جارێكی تر پێگە و خۆشەویستی و متمانە فراوانەكەی خۆی بگێڕێتەوە".
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دەشڵێت: "ئێستا چەندین كەس لەخۆیانەوە لەسەر تەلەڤزیۆن قسە دەكەن، قسەی ئەم لەگەڵ ئەویتر تێك ناكاتەوە، بەو پینەوپەڕۆیە خەڵك جارێكی دیكە دەنگ به ئێمه نادەنەوە، تەنھا بە كۆنگرە و ھەڵسەنگاندنی كۆی سیاسەتەكانی یەكێتی".
مەلا بەختیار ئاماژە بەوە دەدات: "ئومێدەوارم ئۆرگان و كادیر و ئەندامانی یەكێتی لەو راستیە تێ بگەن، یەكێتی لە دووڕیانێكی چارەنووسساز دایە، ئێستا چەند گرنگە سەركردایەتی بڕیارێكی مەسئولانە بدات، دوو ئەوەندە گرنگە جەماوەری یەكێتی تێبكۆشێ لەپێناو بەستنی كۆنگرە، بەشێكی زۆری چارەنووسی یەكێتی كەوتووەتە دەست جەماوەری یەكێتی و ئەنجومەنی ناوەند، دەبێ بە دیالۆگی عەقڵانی و پەرۆشانە قسە لەگەڵ سەركردایەتی و ئۆرگانەكان بكرێت، دوور لە تەكەتول و شەخسەنەكردنی كێشەكان و پلانگێڕان و لە دوو سێ مانگی ئایندەدا بەرەو كۆنگرە بڕۆین".
ھەر لەو پەیامەدا مەلا بەختیار دەڵێ: "ھیوادارم یادی 44 ساڵەی یەكێتی یادی وەرچەرخان بێت لە رەوشتی سیاسی و ویژدان و پەرۆشیمان. دڵنیابن سەركردە و مەكتەبی سیاسی و بەرپرسانی یەكێتی، لە 90% جەماوەری یەكێتی داوای كۆنگرەتان لێ دەكات، بەبێ كۆنگرە ئاشتبوونەوەی راستەقینە لەنێوان سەركردایەتی و ئۆرگانەكان روو نادات. پلە و پایە ئەوە ناھێنێ مێژووی ئەو حزبە قوفڵ بدەین و رێگە نەدەین كۆنگرە ببەسترێت، ئەو حزبە موڵكی كەس نییە، پێش ھەموو كەس موڵكی شەھیدەكان و پێشمەرگەكەكانە. ئەم مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتییە بۆی نییە تاسەر كۆنگرە نەبەستێ، بە دڵنیاییەوە كۆنگرە نەبەسترێ دۆخی یەكێتی خراپتر دەبێت".
ئەم قسانەی مەلا بەختیار لەكاتێكدان، كە ماوەیەكە بەشداریی لە كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی حزبەكەی ناكات و پێشتریش رایگەیاندبوو، كە تا بڕیاری بەستنی كۆنگرەی حزبەكەی نەدرێت، ئامادە نییە بەشداریی لە كۆبوونەوەكان بكات.
ئەمڕۆ یادی 44 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، كە لە 1/6/1976 بە سەرپەرشتیی مام جەلال، لەگەڵ ژمارەیەك سەركردەی دیكە ئەو حزبە لە سووریا دامەزرا.
ھ.م