پارتی: ناوەڕۆکی هەردوو کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ یەکێتی بڵاودەکەینەوە
یەکێتی بە بێ ئاگادارکردنەوە و بەبێ سەروبەریی لە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم کشایەوە
K24 – ههولێر:
پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی رایگەیاند، پارتی بۆ بەرژەوەندی خەڵک ئەوپەڕی نەرمی نواندوە و نەچووەتە بەرەی دژایەتیکردنی هیچ لایەنێک.
مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لەگەڵ یەکێتی لەسەر هەمووشتێک رێککەوتبووین و ناوەڕۆکی هەردوو کۆبوونەوەکە بڵاودەکەیەنەوە".
راشیگەیاند: "لەگەڵ یەکێتی رێککەوتین کە پێش هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت تەنها پۆستەکان یەکلا بکرێتەوە و لە دوای پێکهێنانی حکوومەت پرسەکانی دیکە یەکلا بکەینەوە، بەڵام بەداخەوە یەکێتی بە بێسەروبەریی و بە بێ ئاگادارکردنەوە کشایەوە".
لەبارەی کێشەکانی کەرکووک، مەحمود محەمەد گووتی: "سەرۆک بارزانی و کاک کۆسرەت لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکووک رێککەوتبوون، بەڵام یەکێتی پاشگەزبووەوە".
لەبارەی داهاتووی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی و لە وەڵامی پرسیارێکی کوردستان24، وتەبێژی پارتی رایگەیاند: "دەبێت رێککەوتنەکە جێبەجێبکرێت، بەڵام لە ئێستا هیچ گفتوگۆیەکمان نییە و قسەی خۆمان کردووە. ئەوان بە رێککەوتنەکە قایل نین و دەبێت خۆیان بەرپرساریەتی بگرنە ئەستۆ. دەبێت خەڵکی کوردستان ئەمە بزانێت".
لەبارەی کێشەی سووتانی گەنمی جووتیاران، وتەبێژەکەی پارتی رایگەیاند: "هێزە ئەمنییەکان ئەو بەرپرسیارێتییە دەگرنە ئەستۆ و دەبێت ئەو دۆخەی ئێستای کەرکووک چارەسەر بکرێت".
H.j