پارتی: به هاوبه‌شیی پێشمه‌رگه نه‌بێت كه‌ركووك به‌ڕێوه‌ناچێت
ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی راگه‌یێنراوێكی بڵاوكرده‌وه
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 1/6/2019 به‌سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك بارزانی، ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی خۆی ئه‌نجامدا و چه‌ند بابه‌تێكی گرینگ و هه‌نوكه‌یی خسته به‌ر باس و گفتوگۆكردن و بڕیاری پێویستیان له‌باره‌وه وه‌رگیرا. دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش راگه‌یێنراوێكی بڵاوكرده‌وه.
له راگهیێنراوهكهی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردیه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژه به‌وه‌كراوه، وێڕای خۆشحاڵی سه‌ركردایه‌تی پارتی، پشتگیری خۆی بۆ نێچیرڤان بارزانی ده‌ربڕی له ئه‌ركی تازه‌یدا وه‌كو سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و پیرۆزبایی لێ‌كرد. دواتر له روانگه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌كی واقعیانه‌ی قۆناغی ئێستای كۆمه‌ڵگاكه‌مان و هه‌ستیاریی بارودۆخی سیاسی و عه‌سكه‌ری و ئابووریی ناوچه‌كه به‌گشتی و عێراق و كوردستان به تایبه‌تی كه، روداو و گۆڕانكاریی زۆر و خێرا به‌خویه‌وه ده‌بینێ و ناوچه‌كه به كوردستانیشه‌وه چاوه‌ڕوانی گۆڕانكاریی و ئاڵۆزیی زێده‌تری لێده‌كرێت، پارتی له سۆنگه‌ی به‌رپرسیاریه‌تی مێژوویی به‌رامبه‌ر به گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌ی وه‌ك هه‌میشه گۆتار و هه‌نگاوه‌كانی به شێوازێك رێكده‌خات كه هاوته‌ریب بێت له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه و رێگه له زیانگه‌یاندن به ئه‌زمونه‌كه‌مان بگرێت.
سه‌باره‌ت به پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق و كوردستان، كه پێویستی به هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردن و خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێ هه‌یه، به‌تایبه‌تی دوای كاراكردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم، كۆبوونه‌وه‌كه دانبه‌خۆداگرتن و پشودرێژیی پارتی له‌دوای پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له 30ـی ئه‌یلولی 2018، له گوتار و هه‌نگاوه‌كان به ئیجابی هه‌ژمارد كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و پاراستنی كه‌شی هێمنانه و خۆبه‌دورگرتن له موهاته‌راتی میدیایی و هه‌رجۆره په‌رچه‌كردارێك بووه له پێناو سه‌قامگیری و یه‌كڕیزی و پاراستنی په‌یوه‌ندی دۆستانه له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌كی به‌شدار له پرۆسه‌ی سیاسی‌دا. سه‌ردان و گفتوگۆ و رێككه‌وتنه‌كانمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی كوردستانی و عێراقی شاهیدی ئه‌و راستیه‌مان بۆ ده‌ده‌ن كه هه‌نگاوه‌كانمان بۆ خزمه‌تی گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌مان بووه. سه‌باره‌ت به عێراقیش، له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق، تا ئێستا په‌یوه‌ندیمان باشه و نه‌خشه‌ڕێگای دیاریكراو بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌باشی به‌ڕێوه‌ده‌چێت، سه‌ره‌رای هه‌بوونی گیروگرفت كه هه‌ندێجار به ئه‌نقه‌ست دروستده‌كرێن چ له به‌غدا یاخود له كوردستان، به‌رده‌وامده‌بین.
ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی له‌سه‌ر بارودۆخی هه‌ستیار و ئاڵۆزی ناوچه‌كه و كێشه‌ی نێوان ئه‌مریكا و ئێران هه‌ڵوه‌سته‌ی كرد و گفتوگۆی پێویستی له‌باره‌وه كرد، كه راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر عێراق و كوردستان و به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیش هه‌یه، هیوای خواست به حیوار و به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه چاره‌سه‌ر بكرێت و ناوچه‌كه دوربێت له شه‌ڕ.
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌دا كۆبوونه‌وه هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر دیارده‌ی سوتاندنی ده‌غڵودانی جوتیارانی ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم كرد و ئه‌وپه‌ڕی نیگه‌رانی خۆی نیشاندا و به كارێكی ناڕه‌وا و ته‌عدای هه‌ژماركرد ده‌رهه‌ق به دانیشتوانی كوردی ئه‌و ناوچانه و داوای پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شی بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته و بابه‌تی ته‌عریب كرد و داواشی كرد حكومه‌تی فیدراڵ قه‌ره‌بووی زیانلێكه‌وتوان بكاته‌وه، هاوكات پێمان وایه ئیداره‌ی كه‌ركوك و ناوچه‌كانی دیكه‌ی هاوشێوه، به هاوبه‌شی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و سوپا و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی هه‌ردوولا نه‌بێت به‌ڕێوه‌ناچێت.
له راگه‌یێنراوه‌كه‌دا هاتووه "پارتی له‌دوای سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له ساڵی رابردوو و به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان، بڕیاری رێگه‌خۆشكردن و زه‌مینه‌ی پتری ته‌بایی و یه‌كڕیزی و سیاسه‌تی گفتوگۆ و په‌یوه‌ندیكردنی له ناوخۆ گرته به‌ر، كه ئه‌مه‌ش له‌وپه‌ڕی هه‌ست به به‌رپرسیاریه‌تی و له‌پێناو سه‌قامگیری سه‌رچاوه‌ی گرتووه. له ناوخۆش پێویستی به تێگه‌یشتن و هاتنه پێشه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان هه‌یه كه هیوادارین خوێندنه‌وه‌یان بۆ ئه‌م پشوودرێژییه‌مان به ئه‌رێنی وه‌ربگیرێ دوور له‌هه‌ر لێكدانه‌وه‌ی دیكه.