داوا له پارتی ده‌كرێت نه‌رمی زیاتر بنوێنێت
یه‌كێتی: ئه‌گه‌ر هۆكارێك بۆ دواخستنی پێكهێنانی حكوومه‌ت هه‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌رپرسن نه‌ك ته‌نیا یه‌كێتی
K24- هه‌ولێر:
بۆ نەھێشتنی ئەو کۆسپانەی ھاتوونه‌ته بەردەم پێک‌ھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان و ڕێكکەوتنەکانی پارتی و یەکێتی، داوا له پارتی دەکرێت نەرمی زیاتر بەرامبەر یەکێتی بنوێنێت، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی‌یش دەڵێت پارتی نه‌رمی زۆری نواندووه.
ئه‌مه دوای ئه‌وه هاتووه، بەشدارینەکردنی فراکسیۆنی یەکێتی لە دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستان، کە تایبەت بوو بە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم، پەیوەندیەکانی پارتی و یەکێتی و ئەو ڕێکەوتنانەی بردە قۆناغێکی نوێ، کە ئەو دوولایەنە بۆ دابەش کردنی پۆستەکان و پێک‌ھێنانی حکوومەت کردوویانە، پەیوەندیەکانی پارتی و یەکێتی جۆرێك لە چەق بەستوویی پێوە دیارە، بۆ نەھێشتنی كۆسپه‌كانی به‌رده‌م پێک‌ھێنانی حکوومەت و گرفتەکانی نێوان ئەو دوولایەنە چاوەڕێ دەکرێت پارتی نەرمی زیاتر بەرامبەر بە یەکێتی بنوێنێت.
له‌مباره‌شه‌وه رۆژ نوری شاوەیس، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت: پارتی ده‌رگای په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌ڕووی یه‌كێتیدا دانه‌خستووه له پێناو یه‌كڕیزی و كۆده‌نگی، ئەو پەڕی نەرمیمان نواندووە. هه‌وره‌ها ده‌ڵێت: "یه‌كێتی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی وه‌رگرتووه و پێویسته هه‌ر یه‌كێتیش پێداچوونه‌وه بۆ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی خۆی بكات".
له به‌رامبه‌ریشدا زوبێر عوسمان، جێگری یەکەمی سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی ڕەتی دەکاتەوە حزبەکەی ھۆکاربێت بۆ دواکەوتنی پێک‌ھێنانی حکوومەت، بەڵام بە پێویستی دەزانێت لە بەر بەرژوەندی گشتی, پەیوەندیەکانیان لەگەڵ پارتی ئاسایی بکرێنەوە.
سەبارەت بەو پرسیارەش کە پارتی بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر چاوەڕێی یەکێتیی کردووە, جێگری یەکەمی سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی گوتی: "پارتی چاوه‌ڕێی یه‌كێتی نه‌كردووه، هه‌موو لایه‌كمان له دانوستان بوون و یه‌كێتی هۆكار نییه بۆ دواخستنی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت, ئه‌گه‌ر هۆكارێكیش هه‌بێت بۆ دواخستن، ئه‌وا به‌رپرسیارێتییه‌كه به یه‌كسانی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی هه‌موو لایه‌نه‌كان نه‌ك ته‌نیا یه‌كێتی".
له‌ماوه‌ی چەند مانگی ڕابردوو پارتی و یەکێتی بە مەبەستی پێک‌ھێنانی کابینەی داھاتوی حکوومەت لە گفتوگۆدا بوون، دواجار ئەو دوولایەنە دووڕێکەوتنیان واژۆ کرد، بەڵام بەشدارینەکردنی فراکسیۆنی یەکێتی لە دانیشتنەکەی ھەفتەی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم, بەڕای پارتیەوە پێشێلکردنی ڕێکەوتنهكانی نێوانیانه.
H.B