ھەولێر..به‌ هۆی سه‌رپێچییه‌وه‌ 48 شوێن داخراون و 28 کەسیش دەستگیر كران

"لە مانگی رەمەزاندا دەست بەسەر زیاتر لە 80 تۆن خۆراك و ماددەی بەسەرچوودا گیراوە"

K24 - ھەولێر

بە گوتەی قایمقامی ناوەندیی ھەولێر، لیژنەکانی قایمقامیەت لە مانگی رەمەزاندا چاودێریی توندیان خستووەتە سەر بازاڕ و شوێنەکانی خواردن و دەرمانخانە و کۆگاکانی خواردن و بەردەوامن لە پشکنین بۆ کاڵاکان.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندیی ھەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد، لە ماوەی مانگی رەمەزاندا دەستیان گرتووە بەسەر زیاتر لە 80 تۆن خۆراک و ماددەی بەسەرچوو لە بازاڕ و کۆگاکاندا و سزای قورسی سەرپێچیکارانیشیان داوە.

وه‌ك قایمقامی ھەولێر باسی دەكات، لە سەرەتای مانگی رەمەزانەوە  لە رێگەی چەند لیژنەیەکەوە توانیویانە تا رادەییەک کۆنتڕۆڵی بازاڕ بکەن، لەو خواردن و ماددە بەسەرچووانەی لە بازاڕدا ھەن، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەکانی قایمقامیەت سەردانی 130 شوێنی جیاوازیان کردووە و لەو ژمارەیەش 70 سەرپێچی قەبارە جیاواز تۆمار کراون و 16 شوێنی جیاواز داخراون بەھۆی سەرپێچییەوە. ھەروەھا 38 شوێن ئاگاداری كۆتاییان ئاراستە كراوە.

بەپێی سزاکانی قایمقامیەتی ھەولێر، لە مانگی رەمەزاندا ئەو شوێنانەی سەرپێچیان کردووە بە بڕیی 47 ملیۆن دینار سزا دراون و 28 کەسیش دەستگیر کراون، ھەر لە مانگی رەمەزاندا دەست بەسەر 5 تۆن دەرمان و کۆگای پزیشکی دەستی گیراوە و 32 کۆگا و دەرمانخانەش داخراون و بە ھۆی ئەم سەرپێچییانەشەوە 18 ملیۆن دینار سزای دارایی ئەو کەسانە دراوە.

ھ.م