تاران به نه‌خێر وه‌ڵامی واشنتن ده‌داته‌وه
تاران بۆ واشنتن: یاریكردن به وشه ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه پێویسته واشنتن سیاسه‌تی خۆی بگۆڕێت
K24- هه‌ولێر:
تاران وه‌ڵامی ئه‌و لێدوانه‌ی مایك پۆ‌مپێیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌داته‌وه، كه گوتبووی: وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌یه ده‌ست به دانوستانی بێ پێشمه‌رج له‌گه‌ڵ ئێران بكات و داواش له واشنتن ده‌كات، سیاسه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر كۆماری ئیسلامی بگۆڕێت.
به گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵده‌ری مێهری ئێرانی، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، عه‌باس مووسه‌وی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران گوتی: "یاریكردن به وشه و زاراوه‌ی نوێ بۆ گوزارشتكردن له ئامانجی شاراوه، به‌لای ئێرانه‌وه نابێته پێوه‌ر بۆ ره‌فتاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا"، به‌ڵكوو وه‌ك دووپاتی كرده‌وه، "گۆڕینی ره‌فتاری كرده‌یی و رێبازی گشتیی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان پێوه‌ری سه‌ره‌كییه".
وه‌ك مووسه‌وی ئاماژه‌ی پێ دا، "جه‌ختكردنه‌وه‌ی پۆ‌مپێیۆ له‌سه‌ر به‌رده‌وامیدانی واشنتن به سیاسه‌ته‌كه‌ی، ئه‌وپه‌ڕی فشاره‌كانی ئه‌مه‌ریكایه بۆ سه‌ر ئێران".
ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه هاتووه، هه‌ر ئه‌مڕۆ مایك پۆ‌مپێیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، "وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌یه دانوستانی بێ پێشمه‌رج له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی ئێران بكات، كاتێك تاران له‌وه دڵنیا ده‌بێته‌وه، كه ده‌توانێت وه‌ك وڵاتێكی ئاسایی ره‌فتار بكات".
هه‌روه‌ك وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا جه‌ختی كرده‌وه، "ئه‌مه‌ریكا سووره له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی بۆ ناچاركردنی ئێران به گۆڕینی "چالاكییه چه‌په‌ڵه‌كانی" به شێوه‌یه‌كی ریشه‌یی".
H.B