بە فەرمانی سەرۆك بارزانی پارتی ھەموو جۆرە گوتار و نوسینێکی گرژ رادەگرێت
هەموو جۆرە گوتار و نوسینێکی گرژ رادەگیرێت
K24 - ھەولێر
لە راگەیەندراوێكدا لە بارەی بارودۆخی ئێستای ھەرێمی كوردستان، گوتەبێژی پارتی رایدەگەیەنێت: "لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و لەسەر فهرمانی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، بۆ خزمەتی پرۆسەی سیاسی و هەرێمەکەمان، ههروهها بۆ رەواندنەوەی دڵەڕاوکێ و نیگەرانیی هاووڵاتیانی خۆشەویست، لەم بەرە بەرەی جەژنی پیرۆزی رەمەزانەدا، هەموو جۆرە گوتار و نووسینێکی گرژ، کە پێی دەگوترێ هێرشی راگەیاندن، لە تەواوی دامودەزگاکانی پارتیمان یەک لایەنانە لە ئەمڕۆوە (۳ی٦ی۲٠۱۹) وە رادەگیرێ".
لەو راگەیەندراوەدا مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتیی دیموکراتی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: "ئەم بارودۆخە هەستیارەی ناوچەکە و عێراق بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی، کەشێکی ئارام و تەحەمول و لە خۆبووردوویی زیاترمان لێ دەخوازێ. بەداخەوە لە ئاکامی گوتار و نووسینی پێشتری چەند کەسێکی باڵا دەست و بەشێک لە راگەیاندنەکانی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بە زمانی زبر و دوور لە ئەتەکێتی سیاسی و راگەیاندن، هێرشیان کردە سەر کەسایەتی و پارتیشمان، گرژی لە راگەیاندنەکانەوە دروست بوو".
دەقی راگەیەندراوكەی گوتەبێژی پارتی
ئەم بارودۆخە هەستیارەی ناوچەکە و عێراق بەگشتی و، کوردستان بە تایبەتی، کەشێکی ئارام و تەحەمول و لەخۆبردوویی زیاترمان لێ دەخوازێ. بەداخەوە لە ئاکامی گوتار و نووسینی پێشتری چەند کەسێکی باڵا دەست و بەشێک لە راگەیاندنەکانی یەكێتی نیشتمانی کوردستان کە بە زمانی زبر و دوور لە ئەتەکێتی سیاسی و راگەیاندن هێرشیان کردە سەر کەسایەتی و پارتیشمان، گرژی لە راگەیاندنەکانەوە دروست بوو.
لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و لەسەر ئەمری جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، بۆ خزمەتی پرۆسەی سیاسی و هەرێمەکەمان و، بۆ رەواندنەوەی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی هاووڵاتیانی خۆشەویست، لەم بەرە بەرەی جەژنی پیرۆزی رەمەزانەدا، هەموو جۆرە گوتار و نوسینێکی گرژ، کە پێی دەگوترێ هێرشی راگەیاندن لە تەواوی دامودەزگاکانی پارتیمان یەک لایەنانە لە ئەمڕۆوە (۳ی٦ی۲٠۱۹) وە رادەگیرێ.
مەحمود محەمەد
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان
٣ی٦ی٢٠١٩