بارزان عەلی حەمە: ژیانم لە مەترسیدایە و هه‌وڵی رفاندنم درا

رێگری لە نووسەرێکی کورد دەکرێت بگەڕێتەوە سلێمانی

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ سێشەممە 04/06/2019، بارزان عەلی حەمە، نووسەر و رۆژنامەنووس، لە کاتی گەڕانەوەی بۆ شاری سلێمانی، لە بازگەی کۆیە سوکایەتیd پێکراوە دواتر بە گووتەی خۆی، هەوڵی رفاندنی دراوە، بۆیە پەنای بۆ ناوچەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە شاری کۆیە بردووە.

لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24، بارزان عەلی حەمە لە گێڕانەوەی رووداوەکەدا گوتی: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە بازگەی کۆیە، بە هۆی نووسین و رەخنەکانم، سوکایەتیم پێ کراوە و تەواوی ئۆتۆمبێلەکەم پشکنراوە، دواتریش دوو ئۆتۆمبێل دوام کەوتوون و ناچار پەنام بۆ ناوچەی پارتی بردووە".

دەشڵێت: "لەسەر رووداوەکە، لە رێگای پەیجی فەرمی خۆم، لایڤێکم کردووەتەوە و قسەم کردووە، ئێستا فەرمانی گرتنم بۆ دەرچووە و داوا لە بەرپرسانی ناوچەی پارتی دەکەن، رادەست بکرێم".

ئەو نووسەرە دەڵێت: "پێشتر و ئێستاش هیچ سکاڵایەک لە دژم تۆمار نەکراوە، بەڵام تەنها لەبەر نووسین و رەخنەکانم ئەو کارانەم بەرامبەر دەکرێت".

ئاماژەی بەوەش دا، دایک و باوکی نەخۆشن و ویستوویەتی لە جەژنی رەمەزاندا سەردانیان بکات، بەڵام رێگری لێ کراوە.

هەر لەو بارەیه‌وە، بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە، عەمید عەلی عەبدوڵڵا، بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئاگاداری بابەتێکی لەو جۆرە نین روویدابێ، چونکە بازگەکان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بەڕێوەدەبرێن، نەک پۆلیس" .

H.J