لایه‌نه‌كان داوا له پارتی و یه‌كێتی ده‌كه‌ن درێژه به دیالۆگ بده‌ن
به‌رپرسێكی گۆڕان: هه‌ر لایه‌نێك ببێته هۆی بارگرژیی له‌ناو كۆمه‌ڵگا خۆی باجه‌كه‌ی ده‌دات
K24- هه‌ولێر:
دوای ساردبوونی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان داوا دەكەن پارتی و یەكێتی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان، مێزی دیالۆگ و گفتوگۆكردن ھەڵبژێرن، سەرۆكی پارتێكی توركمانیش دەڵێ، سەرۆك بارزانی وەك مەرجەعێك بە ھەوڵەكانی دەتوانێ پەیوەندییەكان ئاسایی بكاتەوە.
له‌م باره‌یه‌وه چالاك موهه‌ندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆران، كه حیزبه‌كه‌ی بڕیاری به‌شداریكردنی له پرۆسه‌ی سیاسی و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوه، ده‌ڵێت: "ئه‌و ساردییه‌ی له نێوان لایه‌نه‌كان به گشتی و پارتی و یه‌كێتی به تایبه‌ت، به‌دی ده‌كرێت، پێشینه‌یه‌كی باش نییه، بۆیه هیوادارین كێشه‌كان به گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ن".
ئه‌و به‌رپرسه‌ی گۆڕان جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، له گرژیی نێوان لایه‌نه‌كان، زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م خه‌ڵكه، هه‌ر لایه‌نێكیش ببێته هۆی بارگرژیی له‌ناو كۆمه‌ڵگا، له كۆتاییدا خۆی باجه‌كه‌ی ده‌دات.
له لایه‌كی دیكه‌وه محەمەد ئیلخانلی، سەرۆکی پارتیی گەشەپێدانی تورکمانی دووپاتی ده‌كاته‌وه، پێویسته هه‌موو لایه‌نه‌كانی كوردستان به ڕیزه‌كانیاندا بچنه‌وه و هه‌وڵ بۆ یه‌كگرتنه‌وه بده‌ن.
ده‌شڵێت: "داوا له سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی ده‌كه‌م، رۆڵی خۆی له ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه ببینێت، بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه ئاشته‌وایی سیاسی و نیشتیمانی بۆ لایه‌نه سیاسییه‌كان بگه‌ڕێته‌وه".
دیار نییە ئاسۆی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی بە کوێ دەگات، لە کاتێکدا بڕیار بوو پارتی و یەکێتی لەگەڵ گۆڕان، سێ پێکھێنەری سەرەکی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بن, به‌ڵام به هۆی ئه‌و ساردییه‌ی له پەیوەندیەکانی نێوان پارتی و یەکێتی هاتووه‌ته ئاراوه، به‌رهه‌می هه‌وڵه‌كانی لێكتێگه‌یشتن لە خاڵی کۆتایییه‌وه گەڕاوه‌ته‌وه سەرەتا.
H.B