سووتاندنی ده‌غڵ و دان كه‌ركووك ده‌كاته‌ دووه‌م پارێزگای عێراق

له‌ سێ هه‌فته‌دا 54 حاڵه‌تی سووتاندن هه‌بووه‌

K24 - هه‌ولێر:

سوتانی دەغڵ و دانی جوتیارانی کورد لە کەرکوک ئەو شارەی هێناوەتە ڕیزبەندی دووەم پارێزگای عێراق بۆ سووتانی ده‌غڵ و دان، تا ئێستاش زیاتر له‌ 200 هه‌زار دۆنم زه‌وی جوتیاران سووتاوه‌، ئەمەش دوای ئەوەی کە هەفتەیەک بەر لە ئێستا سێیەم پارێزگا بوو.

هێزە ئەمنیەکانیش، بەکەمتەرخەم دادەنرێن لەسوتانی دەغڵ و دانی جوتیارەکان و بەڕێوبەری کشتوکاڵی کەرکوکیش دەڵێت، پلانمان هەیە و ڕێگری لەحاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوە دەكەین.

بەپێ ئاماری فەرمانگەی بەرگری و شارستانی كه‌ركووك، لە سێ هەفتەی ڕابردوودا 54 حاڵەتی سوتانی دەغڵ و دانی جوتیاران لەسنوری ئەو پارێزگایە هه‌بووه‌.

لەسەر ئاستی عێراق ،کەرکوک دووەم پارێزگایە کە تا ئێستا زۆرترین ڕێژەی دەغڵ و دانی جوتیارانی تێدا سوتاوە ، کە زیاتر لە دووسەد هەزار دۆنم زەوی لەو پارێزگاییەدا سوتاون.

فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکوک، پلانێکی داناوەو داوای کردووە کە لە بەشێکی ناحیەکان ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا داوای چارەسەر کردنی کێشەی زەوی وزارەکان دەکات لە بەغدا.

زوهیر عەلی، بەڕێوبەری فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکوك ده‌ڵێت: "مادەی سەدوچل تەنها چارەسەره‌ بۆ کێشەی زەوی زارەکان، ئێمە پێمان وایە کێشەی زەوی زارەکان چارەسەر بکرێن، ڕەنگە سوتانی دەغڵەکانیش بەم شێوەیە نەبن، بەڵام ئەم کێشانە پێویستیان بە بڕیار هەیە، چونکە ئەوەی کە کێشەی زەوی زاره‌ دەبێ بەبڕیار چارەسەر بکرێ".

پەرلەمانی عێراق لەسەر سوتانی دەغڵ و دانی جوتیارەکان هاتۆتە دەنگ و لێژنەیەکیان بۆ شاری کەرکوک ناردووه‌ و بڕیارە ڕاپۆرتێک بدەنە پەرلەمانی عێراق لەسەر دۆخی شارەکە، دواتریش پەرلەمان بڕیارەکانی بدات.

هێشتا هێزە ئەمنیەکان کەسیان دەستگیرنەکردووە بەتۆمەتی سوتانی دەغڵ و دانی جوتیاران، بەڵام هەرچۆنێک بێت ئێستا جوتیارە کوردەکان دەغڵەکانیان سوتێنراوەو داوای قەرەبوو لە حکومەتی عێراق ئەکەن.