جه‌ژن برینی منداڵی قوربانیانی ده‌ستی داعش ده‌كولێنێته‌وه‌

جه‌نگیش كۆتایی بێت چیرۆكه‌ تراژیدییه‌كان كۆتاییان نایه‌ت

K24 - هه‌ولێر:

جه‌نگ جیا له‌و نه‌هامه‌تی و ماڵوێرانیه‌ی به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، به‌ نه‌مانیشی چیرۆكه‌ ناخهه‌ژێن و تراژیدیاكانی كۆتاییان نایه‌ت، له‌ چوار ساڵی شه‌ڕی تیرۆریستانی داعشدا له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراقیش به‌ هه‌زاران كه‌س و خێزان بوونه‌ قوربانی و رۆژ دوای رۆژ چیرۆكی تازه‌ ده‌رباره‌ی مه‌رگەسات و به‌سه‌ر هاته‌كانیان ده‌بیسترێ. بەتایبەتیش منداڵان ھەمیشە دەبنە قوربانی یەكەمی جەنگ.

لە ھەموو جەنگێکدا بەشێکی زۆر لە خەڵکی سڤیل دەبنە قوربانی یان  رووبەڕووی مەترسی و ھەڕەشەی جەنگ دەبنەوە.  بەڵام لە ھەموو جەنگەكاندا  قوربانیە سەرەکیەکان منداڵانن  کە پشکی شێر یان بەر دەکەوێت لە توندوتیژی و ئاوارەبوون. 21 منداڵی یەک خێزان  قوربانی دەستی شەڕی داعشن کە لە  کەمپی حەسەن شام دەژین، بەھۆی جەنگەوە  باوکیان لە دەست داوە و بەشێکیشیان دایک و باوکیشیان نییە.

محەمەد  منداڵێکی تەمەن 12 ساڵە  کە 2 ساڵە لە کەمپ دەژی و بێ دایک و باوک ماوەتەوە لەگەڵ  4 خوشک و دوو برای، ئەو ناتوانێت گوزارشت لەو ساتە بكات  کە چەند بیری دایک و باوکی ئەکات، بەڵام بیریشی نەچووە  کە باوکی چەند بە پەرۆشەوە لە خەمیاندابووە.

چیرۆکە ناخ ھەژێنەکانی ئەو منداڵانە  کۆتاییان نایەت. ھەرچەندە بە ڕوخساریانەوە دیار نییە کە  کە جەنگ چ نەھامەتییەکی بەسەر ھێناون، بەڵام کە قسەیان لەگەڵ دەکەیت دەزانیت چەندە قسەیان پێییە بۆ وتن، ئەسما یەکێکی دیکەییە لەو منداڵانەی کە قوربانی جەنگی موسڵە و باوکی لە بۆمبارنکردنێکی فڕۆکەکاندا لە دەستداوە

کچێکی بچوکی تەمەن 8 ساڵ کە تاکە بیرەوەریەکی باوکی لە بیری بێت ئەوەییە ھەموو ئێوارانێک کە لە كار ھاتوەتەوە شیرینی بۆ ھێناوە.

حاجی فاتم لەدوای کۆتایھاتنی شەڕی موسڵ  ئەوەی لە کوڕ و کچ و بوک و زاواکانییەوە بە یادگاری بۆی ماوەتەوە  منداڵەکانییه‌تی، ئەو سەرپەرشتی 21 منداڵی بچوک دەکات کە تەمەنیان لە نێوان 1 ساڵ تا 13 ساڵ داییە، جگە لەوەی بەخێوکردنی ئەم منداڵانە ماندویان کردووە، بەڵام ده‌ڵێت: "سوپاس بۆ دەزگای خێرخوازی بارزانی کە سەرجەم  پێداویستییەکانیان بۆ دابین کردوین و ھەمیشە ھاوکارمانن".

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لە بەردەستی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستاندایە لە ئەنجامی ئەو ھێرشانەی کە بۆ سەر ئێزدیەکان کراوە  1759 منداڵ باوکیان نەماوە، 407 منداڵ دایکیان نەماوە و 359 منداڵیش نە دایکیان ماوە نە باوک. ٢٢٠ منداڵیش دایک و باوکیان دیلی چەكدارانی داعشن. 

ھەروەھا  تا ئێستا 1955 منداڵ چارەنووسیان نادیارە.