هاتووچۆی سلێمانی خاوەن ماتۆڕەکان ئاگادار دەکاتەوە
"لە دوو رۆژی جەژندا، دوو کەس بەهۆی ماتۆڕ گیانیان لەدەستداوە و دوانی دیکەش برینداربوون"
K24 – ههولێر:
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ئاگادارییەکی لەبارەی ماتۆڕسکیل، بە تایبەت ئەو ماتۆڕسکیلانەی خواردن دەگەیەننە کڕیارەکانیان بڵاوکردەوە.
لە ئاگادارییەکەدا هاتووە: "بەداخەوە لە دوو رووداوی جیاوازدا لە رۆژانی یەکەم و دووەمی جەژندا دوو گەنج بە رووداوی ماتۆڕ گیانیان لەدەستداوە و دوانی تریش برینداربوون".
هەر لە راگەیندراوەکە هاتووە: "داوا لە هاووڵاتیانی خۆشەویست بەگشتی و بەتایبەتیش دایک و باوکان دەکەین چاودێری رۆڵەکانیان بکەن و رێگە نەدەن ئەو جۆرە ماتۆڕانەی کە هیچ مەرجێکی سەلامەتییان تێدا نییە بەکار بهێنن".
هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت: "بۆ رێگریکردن لەو رووداوانە لێپرسینەوە و دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕەکان زیاتر دەکەین تاکو دوچاری زیانی گیانی و ماڵی نەبن".
دەقی راگەیندراوەکەی هاتووچۆی سلێمانی
ئاگاداریەک لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانیەوە
تایبەت بە ماتۆرسکیل و ئەو خواردنگانەی لە رێگەی ماتۆرسکیلەوە خواردن دەگەیەننە کریارەکانیان
لە ڕابوردودا و چەندینجار هۆشداریمانداوە لەو مەترسیانەی ڕوبەڕوی ماتۆڕسوارەکان و سەرنشینی ماتۆڕەکان دەبێتەوە ، بەداخەوە لە دوو ڕوداوی جیاوازدا لە ڕۆژانی یەکەم ودووەمی جەژندا دوو گەنج بەڕوداوی ماتۆڕ گیانیان لەدەستداوەو دوانی تریش بریندار بوون.
لەکاتێکدا پرسەو هاوخەمی خۆمان بۆ کەسوکاری قوربانیەکان ڕادەگەیەنین داوا لە هاوڵاتیانی خۆشەویست بەگشتی و بەتایبەتیش باوکان و دایکان دەکەین چاودێری ڕۆڵەکانیان بکەن و ڕێگە نەدەن ئەوجۆرە ماتۆڕانەی لەبەرنەبوونی هیچ مەرجێکی سەلامەتی تۆمارنەکراون و ماتۆڕ سوارەکانیش مۆڵەتی لێخوڕینیان نیە ماتۆڕ بەکار بهێنن چونکە ئێمە بۆ ڕێگریکردن لەو ڕوداوانە لێپرسینەوەو دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕەکان زیاتر دەکەین با دوچاری زیانی گیانی و ماڵی نەبن،
لەهەمانکاتدا ئەو ماتۆڕ سوارانەش ئاگادار دەکەینەوە کە ماتۆڕەکانیان یاسایین و مۆڵەتیان هەیە دووربکەونەوە لە سەرکێشی و بەدەنگی ماتۆڕەکانیان هاوڵاتیان بێزار نەکەن ، داواش لە هەموو چێشتخانەو خواردنگەکان دەکەین کە ماتۆڕیان بۆ گەیاندنی خواردن بۆ کڕیارەکانیان هەیە ماتۆڕەکانیان پابەند بن بە ڕێنماییەکانی هاتوچۆوە چونکە لێپرسینەوە لەوانیش دەکرێت
داوا لە هەموو هێزە ئەمنیەکانیش دەکەین هاوکاری ئەفسەران و کارمەندانی هاتوچۆ بکەن لە دەستبەسەردا گرتنی ماتۆڕە سەڕپێچیکارەکان.
H.J