نەجات حەمید نووسەر و وه‌رگێڕى كورد كۆچی دوایی كرد
لە بواری رەخنەی ئەدەبی و فیکر و وه‌رگێڕان جێ ده‌ستى دیار بووه
K24 - هەولێر:
نەجات حەمید، نووسەر رۆژنامەنووس و رهخنەگری کورد، ئێوارەی ئەمڕۆ 8ی حوزەیرانی 2019، بەهۆی نەخۆشییەكی درێژخایەنەوە لە شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد.
نەجات حەمید، لە ساڵی 1961 لە کەرکووك لە دایكبووە، جگە له نووسین و رەخنەگرتن، لە چەند کەناڵێكى راگەیاندن کاریکردووە.
خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندیی لە شاری کەرکووك تەواوکردووە. ساڵی 1984 بەکالۆریۆسی له به‌شى زمانى فەرەنسی، کۆلێژی ئه‌ده‌بیاتى زانكۆی موستەنسریە له بەغدا وه‌رگرتووه. ساڵی 1986 چووەتە شاخ و بۆته پێشمەرگە و لە بواری راگەیاندن کاری کردووە.
دواى راپه‌ڕینى ئادارى 1991، لە چەند کەناڵێکی راگەیاندن درێژه‌ى به كارى میدیایى داوه، له‌وانه رۆژنامه‌كانى برایه‌تى و خه‌بات، كه‌ناڵى ئاسمانى كوردستان تیڤى و له دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراقیش، ماوه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رى نووسینگه‌ی كه‌ركووكى ئه‌و كه‌ناڵه بووه.
سه‌رپه‌رشتیارى هەفتەنامەی هزر و هونەری رۆژنامەی خەبات بووه.
جێگری سەرنووسەری گۆڤاری تاوی کۆمەڵایەتی بووە.
هاوكات وه‌ك شارەزا لە وەزارەتی رۆشنبیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان كارى كردووه.
نەجات حەمید، لە بواری رەخنەی ئەدەبی و وه‌رگێڕان و فیکر و فەلسەفە جێ ده‌ستى دیار بووه. یەکەمین تیۆری رەخنەیی کوردیی لە ساڵی 1997 نووسیووه. ژماره‌یه‌كى زۆر لێکۆڵینەوەی لە بواری رۆمان و چیرۆک و شیعر و فۆلکلۆر نووسیوە. كۆمه‌ڵێك لێكۆڵینه‌وه‌ى تیۆریی نووسیووه، لەوانە بەرجەستەبوونی گەردوونی، شوێن و مانەوە و چەند بابەتێكى تر. چه‌ندین كتێب و توێژینه‌وه و وتارى له زمانه‌كانى فەرەنسی و عەرەبی و ئینگلیزییه‌وه، وه‌رگێڕاونه‌ته سه‌ر زمانى كوردى.
خاوه‌نى چه‌ند كتێبێكه لە بواری سیاسیه‌ت و مێژووی كورد.